ڕوانگەی سەوزی عێراق زەنگی مەترسی لە بەغدا لێدەدات

ڕوانگەی سەوزی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە هۆشداری دا لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی پیسبوونی هەوا لە بەغدای پایتەخت و ڕایگەیاند، قەتیسبوونی دوکەڵ مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی گشتیی دروست کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەی ڕوانگەکە، پشکنینەکان دەریانخستووە، هەوای بەغدا بە ماددە مەترسیدارەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین (NO2) و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2) پڕ بووە. ئەم ماددانە جگە لەوەی هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی بارانی ترش، دەبنە هۆی خورانی چاو، کێشەی هەناسەدان، و دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و تێکچوونی سییەکان.

لە ڕووی ژمارەییشەوە دۆخەکە بە "کارەساتبار" وەسف کراوە؛ بە جۆرێک پێوەری کوالیتی هەوا (AQI) شەوێک گەیشتووەتە 380 خاڵ، لەکاتێکدا تێکڕای چڕیی گەردیلە وردەکان (PM2.5) گەیشتووەتە 40.5 مایکرۆگرام/م3، کە ئەمەش هەشت هێندەی ستانداردی جیهانییە. ڕوانگەکە هۆشداریش دەدات، ئەم پیسبوونە ڕەنگە بۆ پارێزگاکانی نزیک بەغداش بگوێزرێتەوە ئەگەر با دۆخەکە نەگۆڕێت.

ئەم دۆخە ژینگەییە سەختە، بەهۆی سووتاندنی بەربڵاوی پاشماوەکان و کەمیی ڕووبەری سەوزاییەوە دروست بووە، وایکردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەغدا ببێتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان. هاوکات، دانیشتووانی شارەکە گلەیی لە بۆنی ناخۆشی گۆگرد و هەستکردن بە خنکان دەکەن.

لەسەر ئاستی حکوومیش، دوای ئەوەی دیمەنەکان نیشانیان دا کە ئاسمانی بەغدا بە دوکەڵێکی خۆڵەمێشی داپۆشراوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بڕیاری داخستنی دەروازەکانی "کەمپی ڕەشید"ی دەرکرد، وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لەو سووتاندنە بەربڵاوەی لەو ناوچەیەدا ئەنجام دەدرێت و سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونەکەیە.