ئەمیر حاتەمی: فڕۆکەکانمان دەگەنە بنکەکانی ئەمریکا

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران جەخت لە هێزی باوەڕ و ئیمانی هێزەکانیان دەکاتەوە لە کاتی بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان.

ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئایاری 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند؛ هێزی باوەڕ و ئیمانە کە دەتوانێت فڕۆکەیەکی جەنگیی "ئێف 5" بگەیەنێتە ئاسمانی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە کوێت، لە کاتێکدا ئەمریکاییەکان خاوەنی پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و وشکانین.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی باوەڕی ئەوان دوژمنانیان تووشی سەرلێشێواوی دەکات، بە جۆرێک کە تەنانەت بە هەڵە فڕۆکەکانی خۆشیان دەکەنە ئامانج. حاتەمی دڵنیاییشی دایە خەڵکی ئێران، کە هێزە چەکدارەکان بە هەموو توانایەکەوە و تا دوا دڵۆپی خوێن، بەرگری لە سەروەریی خاک، سەربەخۆیی و سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.

هاوکات دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەی سێنتکۆم لەبەردەم لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، لە 30 مانگی پێش ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی ئێران، گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 350 جار هێرشیانکردووەتەسەر سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا.

براد کووپەر ئاماژەی بەوەشدا، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ئامانجە سەربازییەکانیان بەدەستهێناوە و لەسەدا 90ـی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە لەناوچووە.