زانایەکی ژاپۆنی یەکەمین بەڵگەی بینینی ماددەی تاریک دەخاتەڕوو

نزیکەی  100ساڵ دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار بیردۆزی ماددەی تاریک خرایەڕوو، پرۆفیسۆر تومۆنۆری تاتانی، لە بەشی ئەستێرەناسی زانکۆی تۆکیۆ، بە بەکارهێنانی 'تەلیسکۆپی بۆشایی گامای فێرمی' سەر بە ناسا،  بانگەشەی ئەوە دەکات یەکەمین بەڵگەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەم ماددەیە کە %85ـی گەردوون پێک دەهێنێت، بینیووە.

ئەم ماددە ڕازئامێزە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1933 لەلایەن ئەستێرەناس 'فریتز تسویکی' وەک ڕێگەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی هێزی کێشکردنی پێویست بۆ ڕێگریی لە هەڵوەشانەوەی کۆ گالاکسییەک لە کاتی خولانەوەدا پێشنیاز کرابوو و ناوی "ماددەی تاریک"ی لێ نرا؛ چونکە ئەم ماددەیە نە ڕووناکی دەردەدات، نە دەیداتەوە و نە هەڵیدەمژێت.

ماددەی تاریک، کارلێک لەگەڵ هێزە ئەلکترۆموگناتیسییەکان ناکات و ئەمەش بینینی دەکاتە کارێکی نزیک بە مەحاڵ.

سەڕەڕای تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەر و پێشبینی نەکراوەکانی، بەهۆی ئەوەی کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی دروستبوونی گالاکسییەکان و هەروەها تێگەیشتنێک لەسەر پێکهاتەی گشتیی گەردوون، ماددەی تاریک، بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی زانایان.

پێشتر، گریمانەی ئەوە کرابوو کە ڕەنگە ماددەی تاریک، لە بارودۆخی زۆر تایبەتدا، کاتێک گەردیلەکانی بەر یەکتر دەکەون، ڕووناکی بەرهەم بهێنێت. یەکێک لە ڕێگاکانی بینینی ئەم ڕووناکییە، بەکارهێنانی تەلیسکۆپێکی تیشکی گامایە، چونکە ئەم کارلێکە، فۆتۆنەکانی تیشکی گاما بەرهەم دەهێنێت.

 پرۆفیسۆر تاتانی، بە ئاراستەکردنی تەلیسکۆپی بۆشایی گامای فێرمی ناسا، بەرەو چەقی گەردوون، ناوچەیەک کە لە ڕووی بیردۆزییەوە ماددەی تاریکی تێدا چڕبووەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم تیشکە تایبەتانەی گامای دەستنیشان کردووە.

پرۆفیسۆر تاتانی، لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری "گه‌ردوونناسی و ئه‌ستێره‌فیزیای گه‌ردیله‌یی"  (Journal of Cosmology and Astroparticle Physics) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی"شێوەی تیشکی گاما بە جیاوازییەکی زۆر کەم، لەگەڵ ئەو شێوەیەی کە لە کڵافەی ماددەی تاریک چاوەڕوان دەکرێت، یەک دەگرێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، بەپێی زانیارییەکانی من، ئەمە یەکەم جارە مرۆڤ 'ماددەی تاریک' بینیبێت و دەردەکەوێت کە ماددەی تاریک، گەردیلەیەکی نوێیە کە لە مۆدێلی ستانداردی ئێستای فیزیکی گەردیلەییدا نییە."

ئەم دۆزینەوەیەی تاتانی، بە پێشکەوتنێکی گرنگ لە بواری ئەستێرەناسی و فیزیکدا لەقەڵەم دەدرێت، هەرچەندە هێشتا پێویستە لەلایەن لێکۆڵەرانی دیکەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە.