وەزارەتی کارەبای فیدراڵ: چاککردنەوەی کێڵگەی کۆرمۆر 300 مێگاوات کارەبای بۆ گەڕاندینەوە

کۆرمۆر
کۆرمۆر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای فیدراڵ ڕایگەیاند: دوای چاککردنەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بڕی 300 مێگاوات کارەبا گەڕایەوە نێو تۆڕی نیشتمانی کارەبا، هاوکات لە ئێرانیشەوە هەناردەی گازی سروشتی بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە.

یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی چاککردنەوەی وێستگەکان، ئێران ڕۆژانە دەستی بە هەناردەکردنەوەی نزیکەی پێنج ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ عێراق کردووەتەوە، دەشڵێت: ئێستا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی کەبوونەوەی گازەوە هەردوو وێستگەی بەسمایە و مەنسوورییە وەستابوون.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی فیدراڵ ئاشکرای کردووە، چاککردنەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دوای ئەو هێرشەی کرایە سەری و دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەو کێڵگە گازیە، توانای 300 مێگاوات کارەبای بۆ تۆڕی نیشتمانی کارەبا زیاد کردووەتەوە، دەشڵێت: ئەوەش بەشێکە لە وزەی هەرێمی کوردستان کە لەڕێگەی وێستگەکانی وەبەرهێنانەوە دەفرۆشرێتەوە عێراق.

ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند: هەماهەنگییەکان لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گرێبەستی کڕینی وزە بەردەوامە و بەهێزە.