سووریا: لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار هێرشی ئەنجامداوە
عەبیدە غەزبان، توێژەری ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئاشکرای کرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئیسرائیل لاوازکردنی دەوڵەتی سووریایە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە گرژییەکان لە ناوچەی "بەییت جن" لە باشووری سووریا و گوندەکانی دەوروبەری دیمەشق بەردەوامە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، درۆنەکانی ئیسرائیل بە بەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی،28ـی تشرینی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەییت جن و هاوکات دەوریەیەکی سەربازیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شارۆچکەکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانەکاندا 13 کەس کوژران و 13 سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون. حکوومەتی دیمەشق ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بە "تاوانی جەنگ"ی لەقەڵەم دەدات.
لەلایەکی دیکەوە و وەک کاردانەوەیەک، دوای نوێژی هەینی هەزاران هاوڵاتی سووری لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکانی سەرانسەری وڵات کۆبوونەوە. خۆپیشاندەران وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، پشتیوانیی خۆیان بۆ یەکگرتوویی خاکی سووریا دووپات کردەوە.
