سوپای ئیسرائیل کوژرانی 40 چەکداری حەماس ڕادەگەیەنێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا نوێترین زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچەی 'خازیعە'ـی سەر بە ڕەفەح، زیاتر لە 40 چەکداری حەماسیان کوشتووە.

سوپا جەختی کردووەتەوە، ماوەی 40 ڕۆژە هەموو هەوڵێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح خستووەتە گەڕ بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانەی چەکدارانی حەماس وەک پەناگە بەکاریدەهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'تایمز ئۆف ئیسرائیل'، لەناو کوژراوەکاندا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی حەماس و جێگرەکەی بوونیان هەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر سوپا کوژرانی چوار چەکداری دیکەی ڕاگەیاندبوو؛ لە شەودا لە تونێلەکانی ڕەفەح هاتبوونە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس کوژرانی 'عەبدوڵڵا حەمەد'، کوڕی غازی حەمەد، ئەندامی شاندی دانوستانکار و سەرکردەی دیاری حەماسیان لە ڕەفەح پشتڕاستکردەوە.
محەممەد حەمەد، ماتەمینی بۆ عەبدوڵڵای برای گێڕاوە و بەگوێرەی ناوەندیی ڕاگەیاندنی فەڵەستین، ناوبراو لە کاتێکدا کوژراوە کە لەناو تونێلەکانی ڕەفەح گەمارۆدراوە و سەرقاڵی شەڕ بووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment