جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە بەغدا
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان، گەیشتە بەغدا و سەردانی هەولێریش دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی کانوونی یەکەمی 2025، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پۆستێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند، مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان؛ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
باڵیۆزخانەکە جەختی کردووەتەوە، ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق بەهێزتر دەکات، لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە سەرکردە و کۆمەڵگە خۆجێیەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجە هاوبەشەکانی تایبەت بە بەدیهێنانی سەروەری و خۆشگوزەرانی.
بڕیارە دوای بەغدا؛ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەکەی لە هەولێری پایتەخت بکاتەوە.
اهلاً بك في العراق @DepSecStateMR! تُعزّز هذه الزيارة العلاقات بين الولايات المتحدة والعراق من خلال التواصل مع القادة والمجتمعات المحلية لدعم الأهداف المشتركة والمعنية بتحقيق السيادة والازدهار. #الولايات_المتحدة_في_العراق pic.twitter.com/QLhbNx0pcE
— U.S. Embassy Baghdad (@USEmbBaghdad) December 1, 2025
ڕۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتنی ڕیگاسی بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە ڕاگەیاندبوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانەکە کە تورکیا، عێراق و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، جەخت لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە برەودان بە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، جێگرەکەی مارکۆ ڕوبیۆ لە عێراق چەندین دیداری گرنگی دەبێت.
