فوئاد حوسێن: هیوادارم ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاشکرا بکرێن

"ئەمەریکا ڕایگەیاندووە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە لیستی سزاکاندان، ناکەن"

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنراوە و هێشتا کار دەکات، گوتیشی، دیارە کارەکە تیرۆریستییە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە لە ناوخۆوە بووە.

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بەردەوامن لەکارکردن، هێرشەکەش دیارە تیرۆریستییە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە لە ناوخۆوە بووە، چاوەڕێی ڕاپۆرتی لیژنەکەین.

ئاماژەی بەوەشدا، دەربارەی هێرشەکانی پێشووی سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە تەواو بووە و وردەکاری تێدایە، بەڵام بەداخەوە ڕانەگەیەندراوە، من داوا دەکەم ڕابگەیەنرێت، ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان و دۆخی کارەبا و ژیانی هاووڵاتیان هەیە.

ڕاشیگەیاند، نابێت ئەم کردەوانە بەردەوامیان هەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زۆر ناوچە دابین کردووە، ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، واتە نەمانی گاز، کە گازیش نەمێنێت کارەبا نامێنێت، ئەمەش کاریگەریی ئاشکرای لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، ئەمە تەنیا هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانە، بۆ نموونە، بەشێک لەو کارەبایە هەناردەی موسڵ و کەرکووک دەکرێت. بۆیە کاریگەریی لەسەر ناچەکانی دیکەش دەبێت. ئەمە کاری تێکدەرانەیە.

فوئاد حوسێن باسی لەوەشکرد، ئەم هێرشە بە ئامانجگرتنی سەقامگیریی و ئاسایش و پیشکەوتنە، بەتایبەت لە کەرتی کارەبا، بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی هەولێر و سلێمانی و موسڵ و کەرکووک و عێراقییەکانە، دەشڵێت، ئەمە وادەکات وەبەرهێنەرانی بیانی ڕوو لە عێراق نەکەن بۆ کاری وەبەرهێنان.

ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

لەوبارەوە فوئاد حسێن گوتی: من پێوایە ئێستا شیعە لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێک گەیشتوونەتە ڕێکەوتن، بەڵام تاوەکوو ئیستا نێو ماڵی سوننە و کورد لەنێوان خۆیاندا لە گفتوگۆدان ئایا کاندیدێک یان چەند کاندیدێک بنێرنە پەرلەمان، بۆیە هەڵبژاردنی یەک کاندید باشترە چونکە مالملانێکان ناهێڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەنێوان خۆیان بگەنە لێکگەیشتن، لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون، ئەوە ئەو کاندیدە بەهێز دەبێت، چونکە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکە دەکات، ئەگەر ڕێکنەکەون، سیناریۆی دوو کاندید دووبارە دەبێتەوە و پەرلەمان بڕیار دەدات، پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگە، پارێزەری دەستوورە و ڕووی دەرەوەی عێراقە، بۆیە پێویستی بە کەسێکە کە پاڵپشتی هەبێت تا بتوانێت کار بکات. دەشڵێت: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و ئەوان یەکلایی دەکەنەوە.

سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر گرووپە چەکدارەکان و کەسایەتی و دامەزراوە بانکییەکان

فوئاد حسێن باسی لەوەکرد، بێگومان ئەم سزایانەی ئەمەریکا کاریگەری هەیە. کاتێک وڵاتێک سزا دەسەپێنێت بەسەر دامەزراوە یان کەسایەتی وڵاتێکی دیکەدا کاریگەری دەبێت. کاریگەرییەکەکانیش هەندێکی پەیوەستە بە کاروباری ناوخۆییەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر باس لە بەقاچاخبردنی پارە دەکەن، دەبێت وردبینی تێدا بکەین. ئەگەر ڕاست نەبوو، دەبێت بە بەڵگەوە بچینە لای ئەمەریکییەکان و پێیان بڵێین ڕاست نییە.

دەربارەی ڕێگریکردن لە بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتوو، گوتی: من زۆر شت دەبیستم، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە ئەمەریکییەکان خۆیان ڕایانگەیاندووە. وەک چۆن ناوی کەسایەتی و بانکەکانیان ڕاگەیاند، ناوی گرووپەکانیشیان خستە لیستی سزاکانەوە، کاتێک لە لیستی سزاکاندا بن، بەپێی یاسای ئەمەریکی ئەوان ناتوانن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

دەشڵێت: ئەوان گوتیانە، ئەو لایەنانەی لە لیستی سزاکاندان، مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن، ئەوان لە یاسای ئەمەریکییەوە دەستپێدەکەن. یاسای ئەمەریکیش ڕێگە بە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی سزادراو نادات.

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونیشیکردەوە، من نازانم حکوومەتی داهاتووی عێراق چۆن پێکدەهێنرێت، چونکە هێشتا لە قۆناغی دانوستانداین. بەڵام هەڵوێستی ئەمەریکا لای هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان ڕوونە. چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم زانیارییە و دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندی وڵات و بەرژەوەندی حزب یان فەسائیلەکە، دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

لەبارەی گوتەکەی مارک ساڤایە نێردەی تایبەت ئەمەریکا بۆ عێراق کە گوتبووی "شوێن بۆ میلیشیاکان لە عێراقدا نییە" فوئاد حسێن گوتی: "پێم وایە گوزارشت لە هەڵوێستی ئێستای سیاسەتی ئەمەریکا دەکات."

دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت 

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە دەوڵەتێکین کە پشتی بە دەستوور بەستووە؛ دەستوور زۆر ڕوونە لەسەر ئەوەی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت. جوڵانەوەی لایەنەکان لە دەرەوەی دەستوور ناکرێت.
ئێمە نامانەوێت بە دوو ئاڕاستەدا بڕۆین: ئاڕاستەی دەوڵەت و ئاڕاستەی دەرەوەی دەوڵەت؛ چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت و دژایەتی دروست دەکات. دەبێت دیالۆگ دەست پێ بکەین و چوارچێوەی دیالۆگەکەش دەستوور بێت.
زۆر وڵات هەبوون گرووپ و حزبیان لە دەرەوەی دەوڵەت هەبووە، بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆوە گەیشتنە ئەنجام و تێکەڵ بوونەوە. لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆربەی فەسائیلەکان بەشدار بوون، واتە باڵی سیاسییان هەیە. ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە ببنە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و لە گرووپی چەکداری دەرەوەی دەوڵەتەوە ببنە حزبی ناو دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئایا چەک هەڵگرتن بۆ خۆپاراستنە یان بۆ ئامانجێک لە دەرەوەی دەوڵەت؟ ئامانجی دەرەوەی دەوڵەت بەرپرسیارێتیی دەوڵەت خۆیەتی. دەبێت ئەم بابەتانە لە ڕێگەی دیالۆگی ناوخۆیی و سیاسییەوە چارەسەر بکرێن.
هەندێک کەس دەڵێن "ئەمەریکییەکان وایان دەوێت"، بەڵام ئێمە دەبێت بڵێین، ئەمە کێشەی ناوخۆییە و دەبێت چارەسەری بکەین، چونکە ئەمانە ڕۆڵەی عێراقن. هەر بیرکرنەوەیەکت هەبێت ئاساییە، بەڵام گۆڕینی بیرکردنەوە بۆ چەک ڕێگەپێدراو نییە.

دەشڵێت: بە بڕوای من دەبێت بیرکردنەوەمان بگۆڕین. ئێمە دەوڵەتێکین دەستوورمان هەیە و سیستمەکەمان پەرلەمانی و دیموکراسییە. پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەنێویاندا ئێران زۆر گرنگە و ڕەگی مێژوویی و ئاینی و ئابووری هەیە، بەڵام ئێران وڵاتێکی ترە.

هەروەها سیستەمی ئێران جیاوازە، بەڵام ئێمە سیستەمی پەرلەمانیمان هەیە. دەبێت پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ بێت. ئێمە ناتوانین بە دوو ئاڕاستەدا بڕۆین، ئاڕاستەی دەوڵەت و ئاڕاستەی شۆڕش. ئێران قۆناغی شۆڕشی تێپەڕاندووە و بووە بە دەوڵەت، ئێمەش دەبێت وەک دەوڵەت مامەڵە بکەین.

 

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment