دوو لە مەترسیدارترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە نەجەف دەستگیر کران

لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی ورددا کە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری تێیدا دروستبوو ، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای نەجەف توانییان دوو کەس دەستگیر بکەن کە وەک مەترسیدارترین بازرگانانی ماددەی هۆش بەر لەو شارەدا ناسراون.

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە نەجەف وردەکاریی ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: تیمەکانیان بە پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختە و بەدواداچوونی ورد، شوێنی بازرگانەکانیان دەستنیشان کردووە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا، دۆخەکە گرژیی تێکەوتووە و تۆمەتباران بە چەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە و لە هەوڵێکی بێئەنجامدا ویستوویانە لە دەست یاسا هەڵبێن.

سەرەنجام هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە و هەردوو بازرگانەکەیان دەستگیر کردووە، لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆش بەر، چەک و کەرەستەی سەربازی، لەگەڵ بڕێک پارەدا گیراوە، ئێستا دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕادەستی لایەنی دادوەری کراون بۆ وەرگرتنی سزاکانیان.

مەسەلەی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بۆ عێراق، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ستراتیژییەتێکی نوێی بۆ جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندووە و هەوڵەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی بازرگانیکردن چڕ کردووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارە جیاوازەکانی عێراق دەستگیر کراون.

 یاسای عێراقی سزای توندی بۆ بازرگانانی ماددە هۆش بەرەکان دیاری کردووە، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە کە لە وڵاتی تێپەڕبوونـەوە عێراقی کردووە بە وڵاتی بەکارهێنەر.

 
Fly Erbil Advertisment