ئیدارەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل: هێرشەکان بۆ سەر سووریا ڕابگرن

ئیدارەی ترەمپ لە جموجوڵی سوپای ئیسرائیل لە خاکی سووریا نیگەرانە و پەیامێکی هۆشداریشی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە و تێیدا داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر سووریا دەکات.

پێگەی هەواڵی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، واشنتن نیگەرانە لەوەی بەردەوامیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەناو دەبەن و حکوومەتی نوێی سووریا دەکەنە دوژمن. 

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییەی قسەی بۆ ئاکسیۆس کردووە، ناوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ڕاگەیاندووە: "ناتانیاهۆ خەریکە شکست بە دەرفەتە دیپلۆماسییەکان دەهێنێت".

ئەم پەیامەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سوپای ئیسرائیل لە گوندە سنوورییەکانی پارێزگای قونەیترە لە سووریا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە و بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا، سەربازانی ئیسرائیل چوونەتە گوندی "ئەبو قوبەیس" و بە هەڕەمەکی تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆریان لەنێو گوندەکە دروستکردووە.

هەر بە گوێرەی میدیای فەرمی سووریا، هێزێکی دیکە بە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و دوو تانک، چوونەتە گردی "جەمەریە" لە باکووری شاری قونەیترە. هەروەها لە ناوچەکانی باشوور و باکووری قونەیترە لە چەند شوێنێکی دیکە سەربازانی ئیسرائیل زنجیرەیەک کردەی سەربازیان کردووە و داوە و خاڵێکی پشکنینیان لە شارۆچکەی "جەباتە ئەلخەشاب" جێگیر کردووە.

پێشتریش هێزەکانی ئیسرائیل هۆشداریان دابووە دانیشتووانی گوندی "ئەلعاشە" لە سنووری شاری قونەیترە، کە نابێت لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەرزاییەکانی جۆلان نزیک ببنەوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، کردەی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە قوڵایی خاکی سووریا و بە تایبەت لە گوند و ئاواییەکانی سنووری هەردوو پارێزگای قونەیترە و دەرعای سنووری زیادی کردووە، کە زۆرجار دەستگیرکردنی خەڵکی مەدەنی و قوربانیشی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەی سووریا جێگیرکراون، لەوانە لوتکەی چیای شێخ، کە لەلایەن جووەکانەوە بە چیای (حەرمۆن) ناو دەبرێت تا دەگاتە دۆڵێ یەرموک لە ناوچەکانی باشووری سووریا، کە هەشت بنکەی سەربازی لە قونەیترە و بنکەیەکیشی لە دەرعا جێگیر کردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment