حەمە ڕەئوف کەرکووکی: ژیری دەستکرد چێژی هونەری نەهێشتووە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، حەمە ڕەئوف کەرکووکی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە هونەری جاران و ئێستا دەکات و تیشک دەخاتە سەر نوێترین بەرهەمی خۆی و دەڵێت: ئاوازێکی نوێم داناوە کە لە هۆنراوەی ناسری حیسامییە، بەنیازم لە داهاتوودا تۆماری بکەم.

کوردستان24: گۆرانی "خەجێی خەجان" لە ساڵی 1992 تۆمار کرد، ئێستایش تایبەتترین گۆرانییە لای تۆ بەبەراورد بە بەرهەمەکانی ترت؟

حەمە ڕەئوف کەرکووکی: من هەموو گۆرانی و ئاوازەکانی خۆم خۆش دەوێت، چونکە زۆر پێیەوە ماندوو بووم، بەڵام گۆرانی "خەجێی خەجان" کە یەکەم گۆرانیم بوو لەساڵی 1992 تۆمارم کرد، هانی دام بەردەوام بم و بووە هەوێنێکی جوان بۆ کارەکانم.

کوردستان24: ئێستا جیهانی تەکنەلۆژیایە، هەوڵت داوە سوود لەو تەکنەلۆژیایە وەربگریت بۆ گۆرانییەکانت؟ یان دەتەوێ هەر بە تام و بۆی جاران گۆرانییەکانت تۆمار بکەیت؟

حەمە ڕەئوف کەرکووکی: هونەری جاران تام و چێژی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام ئێستا جیهان بەرەوپێشەوە چووە بە دروستکردنی ژیری دەستکرد، کە ناتوانێت هیچ چێژێکی ڕابردوو ببەخشێت وەک خۆی، ئێستا بەداخەوە دەبینین هونەرێکی سەر لێ شێواندن هەیە، بەڵام من هەر چیم بۆ بکرێت پارێزگاری لەو هونەرە ڕەسەنەی خۆم دەکەم.

کوردستان24: ئایا ئێمە میوزیکی کوردیمان هەیە؟

حەمە ڕەئوف کەرکووکی: میوزیکی کوردی مێژوویەکی درێژی نییە، ئەگەر بیناسینەوە زیاتر بە هونەری ناوچەکانی کوردستانی گەورە دەیناسینەوە، ئەویش لە گوتنی مەقام و میلۆدی تایبەت و ژەنینی کۆمەڵێک ئامێری مۆسیقای تایبەت بە خۆی وەکو، باڵەبان و سیتار و چەند ئامێریکی تر، بۆیە ئەوە ناسنامەی مێژووی میوزیکی کوردە.

کوردستان24: بۆچی ماوەیەکە کۆنسێرت ناکەیت؟

 حەمە ڕەئوف کەرکووکی: لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنمدا، بەداخەوە کە هونەرمەندە ڕەسەنەکان پشتگوێخراون، ئیتر من چۆن بتوانم کۆنسێرت بکەم. هیوادارم زیاتر گرینگی بە هونەرمەندە ڕەسەنەکان بدرێت.

کوردستان24: بۆچی شیعرەکانی ئەو سەردەمە نابێت بە هەوێنی گۆرانییەک؟ 

حەمە ڕەئوف کەرکووکی: من ئێستایش بەو تەمەنەی خۆمەوە، دەزانم چۆن شیعری جوان هەڵبژێرم بۆ درووستکرنی گۆرانیێکی نوێ.

کوردستان24: چی گۆرانییەکت چیڕۆکەکەی تایبەتە بەخۆت؟

زۆرێک لە گۆرانییەکانم چیرۆک و خەیاڵی شاعیرەکانی لە پشتەوەیە وەکو، خەرامان و میحرابی عەشق و چەندانی دیکە.

کوردستان24: بەرهەمی نوێت هەیە؟

حەمە ڕەئوف کەرکووکی: دوای ئەوەی لە ساڵی 2025، سێ بەرهەمی نوێم تۆمار کرد، ئێستا ئاوازێکی نوێم داناوە کە لە هۆنراوەی ناسری حیسامییە، بەنیازم لە داهاتوودا تۆماری بکەم.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، حەمە ڕەئوف کەرکووکی، لەساڵی 1956 لە کەرکووک لەدایک بووە. لە ساڵانی ھەشتاکانەوە لەنێو ئاھەنگی قوتابخانەکاندا گۆرانیی گوتووە تا لەساڵی 1986دا یەکەمین گۆرانیی بە ناوی "شەوانە" تۆمار کردووە. لە دوای ڕاپەڕینەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و بەردەوامی بە کاری ھونەریی داوە، یەکەمین گۆرانیشی لە سلێمانی بە ناوی "خەجێی خەجان" تۆمار کردووە. گۆرانییەکانی دیکەشی بەناوەکانی  ئاسەوار، ناڵەی دڵ و سیاپۆش و عاشقی بێ دڵە. هەروەها چەندین کۆنسێرتی لە کوردستان و وڵاتانی ئەورووپادا ساز کردووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment