فێستیڤاڵی شانۆی کرماشان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

ڕۆژانی 27 تا 30 تشرینی دووەم 2025، فێستیڤاڵی شانۆی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی هەشت گرووپی شانۆکاری بەڕێوە چوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا، هەشت گرووپی شانۆکاری توانا بەشدارییان کرد و دوای ئەوەی شانۆگەرییەکانی خۆیان پێشکەش کرد، لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە هەردوو شانۆگەرییەکانی "ئارگۆمان" و "ئەسپ ئاژەڵێکی سەیرە" وەک باشترین کاری شانۆیی هەڵبژێردران و خەڵات کران.

هاشم پوورمحەمەدی، نووسەر و دەرهێنەر و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان 24ـی گوت: زۆر سوپاسی دانیشتووانی شاری کرماشانی هونەردۆست دەکەم بۆ ئەو پشتیوانییە گەرمەی لە ئێمەیان کرد؛ بە شانازییەوە خەڵاتەکەم پێشکەش بە هاوشارییەکانم دەکەم.

هاوکات لەگەڵ فێستیڤاڵەکەدا، سێ خولی نووسەری، ئەکتەری و دەرهێنەریش بە بەشداری مامۆستایانی پارێزگای کرماشان و تاران بەرێوەچوو و لە لایەن نوێنەری ناوەندی نیشتمانی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگانیان بۆ کرا.

فێستیڤاڵەکە بووە مایەی شادی و دڵخۆشی خەڵک، ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەش جگە لە پەرەپێدانی هونەری شانۆگەری لە پارێزگاکە و ئاڵۆگۆڕی ئەزموون لە نێوان هونەرمەندان، هیوا بەخشین بە خەڵکە.

محەمەد بیگ محەممەدی،کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت، دەڵێت: خۆشحاڵم لەوەی فیستیڤاڵەکە جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بوو. هیوادارم ئێمەش بتوانین لە خزمەتکردنی فەرهەنگ و کولتووردا بەردەوام بین.

شانۆگەرییەکانی ئارگومان،  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چیرۆکی مینا و لەگەڵ من وەرە بۆ دۆزەخ و چەند شانۆی دیکە لە فێستیڤالەکەدا لە پێنج هۆڵی ئەو شارە نمایش کران.

 ئەم فێستیڤاڵە وەکوو یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی پارێزگای کرماشان دەناسرێت.

 
Fly Erbil Advertisment