پاپای ڤاتیکان: دەبێت کریستیانەکان بوێر و خۆڕاگر بن
پاپای ڤاتیکان بۆ کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئێوە ڕۆڵەی ڕاستەقینەی ئەم خاکەن
پاپای ڤاتیکان لە سەردانەکەیدا بۆ لوبنان، گوتارێکی پێشکەش کرد و داوای لە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، دان بەخۆیاندا بگرن و خاک و وڵاتەکانیان جێنەهێڵن.
ڕۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، پاپای ڤاتیکان، پاپا لیۆی چواردەیەم جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە "تێڕوانینی نوێ" هەیە بۆ تێپەڕاندنی "عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی" و تێپەڕاندنی دابەشبوونە سیاسی و ئاینییەکان، هاوکات داوای بوێری و خۆڕاگری لە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات کرد.
پاپای ڤاتیکان لەو گوتارەی لە کۆتایی ڕێوڕەسمی قەداسەدا لە کەناراوەکانی بەیرووت پێشکەشی کرد، کە دەیان هەزار پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی بەشدار بوون، گوتی: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە تێڕوانینی نوێیە بۆ ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە، ڕاشیگەیاند، زاڵبوون بەسەر دابەشبوونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا، پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە بە ناوی ئاشتی و ئاشتەوایی".
هەروەها ئاماژەشی دا: "پێویستە ئاراستەی خۆمان بگۆڕین و دڵمان لەسەر ئاشتی ڕابهێنین. لەم شوێنەوە، نزا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە بەهۆی جەنگەوە لە مەینەتیدان."
پاپای ڤاتیکان دووبارە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد " درێغی لە هیچ هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی گفتوگۆ و ئاشتەوایی نەکەن".
داواشی لە دەسەڵاتە سیاسییەکانی لوبنان و ئەو وڵاتانە کرد کە بەشێکن لە ململانێکان، گوێ لە "هاواری خەڵکەکانیان بگرن کە داوای ئاشتی دەکەن".
پاپا ڕووی کردە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە لە ناوچەکەدا ژمارەیان بەردەوام لە کەمبووندایە و گوتی: "ببنە دروستکەر و مژدەبەخشی ئاشتی و شایەتحاڵی". گوتیشی "ئێوە بە هەموو مانایەک ڕۆڵەی ئەم خاکەن، بوێر و خۆڕاگر بن، چونکە هەموو کڵێسە بە خۆشەویستی و سەرسامییەوە دەڕوانێتە ئێوە".
