وەزیری خوێندنی باڵا: کار بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک دەکەین بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە پرسی سەربەخۆیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. تێیدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی پڕۆژەیاسایەکی نوێ دێتەکایەوە، کار دەکەن بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بە ئامانجی فەراهەمکردنی سەربەخۆیی زانستی، دارایی و کارگێڕی بۆ زانکۆکان و هەڵبژاردنی سەرکردە ئەکادیمییەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی.


ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە سەرپەرشتیی ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی مامۆستایان و ئەکادیمیستان و پسپۆڕانی بوارەکە، یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە پرسی سەربەخۆیی زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، کۆنسێپتی سەربەخۆیی زانکۆ پرسێکی گرنگ و فرەڕەهەندە؛ لایەنی سەربەخۆیی دامەزراوەیی، دارایی، کارگێڕی و ئازادیی ئەکادیمی لەخۆدەگرێت و گرێدراوە بە چەمک و بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کارایی دامەزراوە ئەکادیمییەکان.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕوونیشی کردەوە، ڕایان وایە دەبێت لەناو کۆمەڵگەی ئەکادیمی گفتوگۆی قووڵ بکرێت دەربارەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی تایبەت بە خوێندنی باڵا و تەشریعاتی دارایی، بۆ ئەمەش تا ئێستا ئەوەندەی یاسا ڕێگەی دابێت دەسەڵاتیان بۆ زانکۆکان دابەزاندووە.

ئارام محەممەد قادر باسی لەوەش کرد، دوای حەڤدە ساڵ لە دەرچوونی یەکەمین یاسای خوێندنی باڵا، ئێستا کاتیەتی بە تێڕوانینێکی نوێ بیر لە داڕشتنەوەی بنەما یاساییەکانی خوێندنی باڵای وڵات بکرێتەوە، بە جۆرێک سەربەخۆیی زانستی و دارایی و کارگێڕی فەراهەم بکات، جەختیشی کردەوە کە دەبێت ئەو کۆنسێپتە بچەسپێت تا بتوانرێت لە داهاتوودا سەرکردە ئەکادیمییەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی و توانا و لێهاتوویی هەڵبژێردرێن و زانکۆکانیش لەڕووی ستراکچەر و میکانیزمی کارکردنەوە زیاتر دیموکراتیزە بکرێن و توانای خۆبەڕێوەبردن و خۆهەڵسەنگاندنیان هەبێت.

لە بەشی کۆتایی گفتوگۆکەدا، ئامادەبووان و پسپۆڕان سەرنجی خۆیان خستەڕوو و جەختیان ، ئەم پرسە دەبێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی ئەکادیمی، ڕۆشنبیران، حکوومەت، کۆمەڵی مەدەنی و ئاستی سیاسیش ئامادەکاری و زەمینەسازیی تەواوی بۆ بکرێت و تایبەتمەندییە کەلتوورییەکانی وڵات لەبەرچاو بگیرێت.

 تەواوی بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بکرێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو و جیاواز لە مۆدێلەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 
Fly Erbil Advertisment