لە هەولێر قوتابیان داوای دواخستنی تاقیکردنەوەکان دەکەن و وەزارەتی پەروەردەش وەڵامیان دەداتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، لە شاری هەولێر ژمارەیەک لە قوتابیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا کۆمەڵێک داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کرد، کە سەرەکیترینیان درێژکردنەوەی وادەی تاقیکردنەوەکان و کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بوو.

قوتابییە بەشداربووەکانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، قەبارەی مەنهەجە دیاریکراوەکان زۆرە و ئەو کاتەی لەبەردەستیاندایە بەشی خوێندن و پێداچوونەوەی تەواو ناکات، هەربۆیە داوا دەکەن وادەی تاقیکردنەوەکان بۆ کاتێکی درەنگتر دوا بخرێت و هاوکات بەشێک لە مەنهەجەکانیشیان بۆ کەم بکرێتەوە.

لەسەر ئەو داواکارییانە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەت ئاگاداری پێشنیاز و داواکارییەکانی قوتابیانین و ئامادەییمان تێدایە وادەی تاقیکردنەوەکان درێژ بکەینەوە، بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر تاقیکردنەوەکان دوا بخرێن، ئەوا وادەکەی دەکەوێتە ناو گەرمای ینی هاوینەوە."

سەبارەت بە بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژکردنەوەی کاتەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، بابەتەکە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتدا نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ خودی قوتابخانەکان کە ئایا تا چەند ئامادەییان تێدایە وادەی تاقیکردنەوەکانیان درێژ بکەنەوە یان نا.

رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن و هەموارکراوی تاقیکردنەوەکانی بۆ پۆلەکانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی و پەیمانگاکان بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

یەکەم: تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی 'نیشتمانی'

خولی یەکەم: لە 14-5-2026، دەستپێدەکات تا 25-5-2026 بەردەوام دەبێت.

خولی دووەم: لە 15-6-2026 دەستپێدەکات  تا 30-6-2026 بەردەوام دەبێت.

دووەم: تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانەوە

خولی یەکەم: لە 14-6-2026 دەستپێدەکات  تا 8-7-2026 بەردەوام دەبێت.

خولی دووەم: لە 11-8-2026 دەستپێدەکات  تا 27-8-2026 بەردەوام دەبێت.

سێیەم: تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ پۆلەکانی 9 و 12

 وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕی قوتابخانەکان سەرپشک کراون بۆ دیاریکردنی رۆژانی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم، بەو مەرجەی لە دوای تەواوکردنی پرۆگرامەکان بێت و ماوەی تاقیکردنەوەکان لە 4 بۆ 5 رۆژ تێنەپەڕێت.

چوارەم: تاقیکردنەوەکانی پەیمانگەکان

تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە 9-5-2026 دەستپێدەکات  تا 20-5-2026  کۆتایی پێ دێت.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها  رۆژانی شەممە بە رۆژی تاقیکردنەوە ئەژمار دەکرێت.، سەبارەت بە پۆلە ناکۆتاکان، دواتر رێکەوتی تاقیکردنەوەکانیان لەلایەن وەزارەتەوە دیاری دەکرێت.