مەڕەش.. بەهۆی هێرشی قوتابییەک نۆ قوتابی گیانیان لەدەستدا
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری کە لەلایەن قوتابییەکی تەمەن 14 ساڵانەوە لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە شاری مەڕەش ئەنجامدرا، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 13ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارەشەممە، 15ـی نیسانی 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی زانکۆی قارەمان مەڕەش دەربارەی وردەکاریی ڕووداوەکە و باری تەندروستی بریندارەکان رایگەیاند، هێرشەکە نزیکەی کاتژمێر 13:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕوویداوە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، قوتابخانەکە بە سیستەمی دوو دەوام (بەیانیان و ئێواران) کار دەکات و هێرشەکە لە کاتی تەواوبوونی دەوامی بەیانیان و بڵاوەی قوتابییەکاندا ئەنجامدراوە.
دەربارەی ناسنامەی هێرشبەرەکە، چیفتچی گوتی، "هێرشبەرەکە قوتابی هەمان قوتابخانەیە، تەمەنی 14 ساڵە و لە پۆلی هەشتەم دەخوێنێت. ناوبراو بەو چەکەی کە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆی هێنابووی، چووەتە ناو دوو پۆل و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستی بە تەقەکردن کردووە."
چیفتچی ئاماری قوربانییەکانی خستەڕوو و گوتی، "بەداخەوە لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 8یان قوتابین و یەکێکیشیان مامۆستایە، هەروەها 13 کەسی دیکە بریندار بوون، کە ئێستا 6 لە بریندارەکان لە ژێر چاودێری ورددان و باری تەندروستی 3 لەوان ناجێگیرە."
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەم رووداوەی بە "هێرشێکی قێزەون" ناوبرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە درا کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و فراوان لەلایەن هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە دەربارەی چۆنییەتی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.