رۆبۆتێک ژمارەیەکی پێوانەیی مرۆڤ دەشکێنێت
لە پەکینی پایتەختی چین ماراسۆنێکی جیاواز بە بەشداری رۆبۆتەکان بەرێوەچوو و رۆبۆتەکانێش توانیان ریکۆردێکی جیهانی بە خێراییەکەیان تۆمار بکەن. ئەو ژمارە پێوانەییە لە خێرایی مرۆڤەکانیش زیاتر بوو.
ئەمجارەیان لە پەکینی پایتەختی چین ماراسۆنی زۆر جیاواز بەڕێوەچوو، بە پێچەوانەی رابردوو رۆبۆتەکان ئەمجارەیان سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد و لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی پێوانەییشیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت.
پەکین کە بە ناوەندی تەکنەلۆجیای جیهانی دەناسێندرێت، ئەمجارەیان بڕیاریاندا کە لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە، بەشداری بە رۆبۆتەکان بکەن و لە کۆتاییدا کۆمپانیای ئانێر کە تایبەتە بە دروستکردنی ئامێری مۆبایل پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەو رۆبۆتەی کە توانی پلەی یەکەمی ماراسۆنی 21 کیلۆ مەتری پەکین بەدەست بهێنێت، لە ماوەی 50 خولەک و 26 چرکە گەیشتە هێلی کۆتایی، بە جۆرێک کە خێراییەکەی لە جیکۆب کیپلیمۆ راکەری ئۆگەندی زیاتر بوو، دوای ئەوەی ئەو راکەرە لە مانگی ئاداری رابردوو، توانی 21 کیلۆمەتر بە 57 خولەک تەواو بکات.
خێرایی ئەم رۆبۆتە بەرەو پێشڤەچوونێکی زۆری لە جیهانی تەکنەلۆجیا دروستکردووە، بە جۆرێک کە ساڵی رابردوو کاتێک بۆ یەکەمجار رۆبۆتێک بەشداری ماراسۆنی کرد، توانی لە ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر بگاتە هێلی کۆتایی، بەڵام ئەمجارەیان رۆبۆتەکان بە کەمتر لە کاتژمێرێک گەیشتە هێلی کۆتایی.
سەرەرای ئەو ریکۆردە مێژووییە و هەروەها پێشڤەچونە گەورەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا رۆبۆتەکان بێ کێشەش نەبوون، لە سەرەتای پێشبڕکێی مارسۆنەکە یەکێک لە رۆبۆتەکان بەردەبێتەوە و یەکێکیشیان خۆی بە بەربەستەکاندا دەکێشێت.