حەماس  تەرمی دوو بارمتەی گەڕاندەوە و ڕۆژنامەنووسێکیش لە غەززە کوژرا

حەماس بە نێوەندگیریی ڕێکخراوی خاچی سوور، تەرمی دوو بارمتەی گەڕاندەوە کە لە هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو بە بارمتە گیرابوون، هاوکات بۆردومانەکان بوونە هۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووسێک و چەندان هاووڵاتی دیکە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بە نێوەندگیریی ڕێکخراوی خاچی سوور، تەرمی هەریەک لە (ڕان گفلی)ی ئیسرائیلی و (سودتیساک ڕینتالاک)ی تایلەندی گەڕێندرانەوە، کە هەردووکیان لە ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە ڕفێندرابوون.

لە لایەکی دیکەوە و لە باشووری کەرتی غەززە، دەسەڵاتدارانی تەندروستیی فەڵەستین کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکیان بە ناوی (مەحمود وادی) لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس ڕاگەیاند. سەبارەت بەم ڕووداوە، سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ "وادی بەشداریی لە هێرشەکانی ئۆکتۆبەردا کردووە"، بەڵام ئاژانسەکە جەختی کردەوە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو تۆمەتانە پشتڕاست بکاتەوە.

لە غەززە، تۆپبارانی تانکەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی دوو هاوڵاتی و برینداربوونی 15ـی دیکە و ڕۆژنامەنووسێک، بەبێ ئەوەی سوپای ئیسرائیل تا ئێستا لێدوانی لەسەر بدات.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە ئاگربەستێک لە ئارادایە، بەڵام هەردوولا یەکتری بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. ئامارەکان دەریدەخەن  لە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە، 357 فەڵەستینی و 3 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.

لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە نوێترین ئاماریدا دۆخی ڕۆژنامەوانیی بە "مەترسیدار" وەسف کرد و کوژرانی 201 ڕۆژنامەنووسی بەڵگە کردووە، کە 193یان فەڵەستینین. لێژنەکە ڕەخنەی توند لە ئیسرائیل دەگرێت بەوەی لێپرسینەوە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان ناکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە تەنیا ئامانجە سەربازییەکان دەپێکێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment