کچە کوردێک لە پاریس گرنگی بە کولتوور و جلوبەرگی کوردی دەدات
نوقڵە عوسمان: گرنگی دەدەم بە جلوبەرگی کوردی لە پاریس، چونکە دەمەوێت جیهان بزانێت کە کوردستان کولتوورێکی قەڵا و ناسنامەیەکی بەهێزی هەیە
خانمە دیزاینەر نوقڵە عوسمان، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە بوونی بە باڵیۆزی "پاریش فاشن ئێر" دەکات و تیشک دەخاتە سەر کاری دیزاینەری و دەڵێت: بەخۆشحاڵییەوە وەک کچە کوردێک، بە باڵیۆزی "پاریس فاشن ئێر" لە کوردستان-عێراق دەستنیشانکرام.
باسی بوون بە باڵیۆزت لە "پاریس فاشن ئێر" بکە؟
دوای تەواو کردنی خوێندنی فاشن دیزاین لە پەیمانگەیەک کە لقی سەرەکی زانکۆیەکە لەفەڕەنسا، مامۆستاکانم پێشنیاریان کرد بەشداری بکەم، منیش پێم خۆش بوو، چونکە دەبێتە یەکەم کۆڵێکشنی براندەکەم لە فاشن شۆیەکی جیهانی نمایش بکەم، پاش بەشداریکردنم بینیم بە تەنیا من کوردم، کولتوورێکی دەوڵەمەندم هەیە، ئەوانیش کە جلوبەرگ و پارچە کولتووریەکانی منیان بینی سەرسام بوون، پاش گەڕانەوەم هاوڕێکانم پرسیاری بەشداریکردنی منیان کرد، بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و دامەزرێنەرانی پاریس فاشن ئێر قسە بکەم و نوێنەرایەتی ئەوان بکەم لە کوردستان و عێراق، بە خۆشحاڵیەوە ڕازی بوون بە داواکەم. ئێستایش خەریکی ئامادەکارین بۆ بەهاری ئەم ساڵ دەمانەوێ زۆرترین دیزاینەری کورد بەشداری بکەن و کۆلێکشنی خۆیان لەپاریس نمایش بکەن شان بەشانی بڕاندە گەورەکان.
وەک کوردێک، پێگەکەت گرنگە، چۆن گرنگی بە جلوبەرگی کوردی دەدەیت لە پاریس؟
گرینگی دەدەم بە جلوبەرگی کوردی لە پاریس، چونکە دەمەوێت دونیا بزانێت کە کوردستان کولتوورێکی قەڵا و ناسنامەیەکی بەهێزی هەیە. دیزاینەرانی زۆرم بینی لە وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون، هەبوونی من وەک کچە کوردێک لە پایتەختی مۆدە باسی ئەوە دەکات کە ئێمەیش دەتوانین دەنگ و کولتوور و نەخش و هونەری خۆمان بگوازینەوە بۆ جیهان. ئەوە بوو هۆکاری یەکەم کۆڵێکشنی جلی بوکێنیم لە پاریس نمایش کرد و بەهاری ئەم ساڵ، جلوبەرگی کوردی لەسەر ستەیجی جیهانی نیشان دەدەین و بە شانازییەوە لە سەردانیکردنم بۆ هەر وڵاتێک جلوبەرگی رەسەنی کوردیم پۆشیوە.
دیزاینەر دەبێت چۆن بێت؟
دیزاینەر نابێت بە شێوەیەکی دیاریکراو سەیر بکات، پێویستە بە شێوەیەکی دیاریکراو بیربکاتەوە. دیزاینەرێکی گەورە خەیاڵییە، جوانییەکان بە ووردی دەبینێت، بەردەوام فێردەبێت، پەیوەندییەکی ڕوونی هەیە، بە دیسیپلین کاردەکات، شارەزا دەبێت لە ئامرازە گونجاوەکان و کێشەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە چارەسەر دەکات. دیزاینەری بەهرەمەند خەیاڵ و ڕاستی تێکەڵ دەکات و بەرهەمەکەی دەبێتە شاکار کە سەدە دوای سەدە بە ناوی مۆدە و کولتوور مۆرکی خۆی دەپارێزێت.
لاساییکردنەوە لەکاری دیزایندا، تۆ چۆن سەیری ئەوە دەکەی؟
مۆدە خولگەییە و زۆرجار دیزاینەران ئیلهام لە یەکتر وەردەگرن. تەقلیدکردن کاتێک دەبێتە کێشەدار کە لێکدانەوەی دووبارەی نەبێت، کاتێک دیزاینێک بەبێ گۆڕانکاری، داهێنان، یان واژۆی کەسی کۆپی دەکرێت. کۆپیکردنی ڕاستەوخۆ کە هیچ بەهایەکی داهێنەرانە زیاد ناکات بۆیە لەگەڵ ئەمەیان نیم، دەبێت دیزاینەر لە جلوبەرگ دەربچێت، هونەر و سروشت و تەلارسازی و کولتوور و مێژوو و مۆسیقا لە هەموو ئەو شتانەی بەرکەوتنی هەیە لەگەڵیان ئیلهام وەربگرێت تا دیزاینەکەی و ڕەسەنایەتی دیزاینەرەکەی پێوەدیار بێت و ببێت بە موڵکی خۆی و کۆپی نەبێت.
قەت هەبووە شەو و ڕۆژێکی تەواو هەر خەریکی دیزایین بووبیت؟
بەڵێ، کات هەبووە چەندین کاتژمێر بێ دابڕان بەدەست کارم لەسەر یەک دیزایین کردووە، چونکە زۆر ووردەکاری تێدابوو، دیزاینیشم هەیە شەش مانگ ئیشم تێدا کردووە، چونکە هەندێک لە دیزاینەکانم پارچەی هونەری کولتوورین و کاتی زۆری ویستووە بۆ دیزایین کردن.
بۆ ئەوەی ببیت بە دیزاینەر، مەرجە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرت هەبێت، ئینجا بڵێین ئەوە دیزاینەرێکی باشە؟
من وەک خۆم پێم باشە هەموو دیزاینەرێک خوێندنێکی ئەکادیمی هەبێت، کۆمەڵێک یاسا و بنەما هەیە کە لە ڕێگەی خوێندنەوە پێی دەگەی، گرنگە هەموو دیزاینەرێک باکگراوندێکی ئەکادیمی هەبێت، چونکە ئەوەی لە خوێندن بەرکەوتنت دەبێت لەگەڵیدا و فێری دەبیت جیاوازترە لەوەی کە بە سروشتی خۆت فێر دەبیت.
وەک باڵیۆزی پاریس فاشن، کار و پڕۆژەکانت چی دەبێت؟
گرنگی بوونم بە باڵیۆزی پاریس فاشن ئێر لە كوردستان- عێراق، لەوەدایە كە دەبمە پردی پەیوندی لەنێوان گەلی كورد و فەڕەنسا لەڕووی كولتوور و زمان و فەرهەنگەوە، لەو رێگەیەشەوە كولتووری كوردیی بەجیهان دەناسێنم، چونكە ساڵانە لەوەرزی بەهار و پایزدا لەڕێگەی منەوە ئەو دیزاینەرانەی كە دەیانەوێت بەشداری بكەن، سەردانی پاریس دەکەن و نوێترین کۆلێکشنی خۆیان نمایش دەکەن، ئەمەیش دەرگایەكی گرنگ بەڕووی دیزاینەرانی كورددا دەكاتەوە بۆ هەنگاونان بۆ سەر رێڕەوێكی گەورە و نێودەوڵەتی.
خانمە دیزاینەر نوقڵە عوسمان، خەڵکی شاری هەڵەبجەیە، دیزاینەری جلوبەرگ و پەروەردەکاری مۆدەیە. بۆ ماوەی 12 ساڵە کار دەکات و لە تەمەنێکی بچوکەوە دەستی بە کارکردن لە فاشن کردووە، پەیمانگای بەناوبانگی Esmodedubai (پەیمانگای مۆدەی فەرەنسی) خوێندووە.

