بەیان سامی عەبدولڕەحمان: پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵادان
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا تەنیا لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە گەورەترین نییە، بەڵکوو گەورەترین کونسوڵخانەیە لە جیهان.
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا تەنیا لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە گەورەترین نییە، بەڵکوو گەورەترین کونسوڵخانەیە لە جیهان، تەنانەت لە زۆر باڵیۆزخانەش گەورەترە، ئەمەش پێشانی دەدات، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەرکا بەهێزن و لە ئاستێکی زۆر باڵا دایە.
بەیانی سامی عەبدولڕەحمان گوتی: هەروەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بنچینەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا، هەرێمی کوردستانە، هەروەها پەیامێکی گرنگی سیاسییە.
ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان دۆستی زۆری لە ئەمەریکا هەیە، پەیوەندییەکان تەنیا لە چوارچێوەی سەربازی دا نامێنەوە، بەڵکوو ئەمەریکا دەیەوێت لە بواری وەبەرهێنان و کولتووری پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ لە پلانی دایە ژمارەیەک کونسوڵخانە دابخات، بەڵام پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتە لە ڕووی دیبلۆماسییەوە فراوانتر دەبێت، سەرەڕای ئەوەی لە چوار چێوەی عێراق وەک هەرێمین، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی هاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە، کە بە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
پڕۆژەکە کە بەردی بناغەی لە 6ـی تەممووزی 2018 دانراوە، تێچووەکەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ڕووبەری 51 فەدان (206 هەزار مەتر دووجا) دروستکراوە.
کۆمەڵگەی کونسوڵخانەکە تەنیا باڵەخانەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو وەک شارۆچکەیەکی بچووک دیزاین کراوە و نووسینگەی سەرەکی، شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان، شوێنی مانەوەی تیمە ئەمنییەکان و سەردانیکاران، فرۆشگە و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، هاوکات ڕووبەرێکی فراوانیشی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە.
لە ڕووی تەکنیکی و ژینگەییەوە، باڵەخانەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و دۆستی ژینگە دروستکراوە. سیستەمێکی پێشکەوتووی ڕیسایکلینی ئاوی تێدایە و 15%ـی پێداویستی کارەباکەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە.
ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 کەسی هەیە و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، بە نیشانەی گرنگیدانی ئیدارەی ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لێکدەدرێتەوە.
