هاتوچۆی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی، ئێران نیگەران دەکات
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاتوچۆی فڕۆکەی بارهەڵگریی سەربازیی لە نیوان ئیسرائیل و ئازەربایجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش نیگەرانیی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم 2025، پێگەی ڕۆژنامەی 'ئیتڵاعات ئۆنلاین' بڵاوی کردووەتەوە، لەم ڕۆژانەی دوایدا هاتوچۆی فڕۆکەی بارهەڵگریی سەربازیی لە نێوان تەلئەڤیڤ و باکۆ، هەروا بەحرەین و باکۆ، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
یەکێک لەو فڕۆکانە، فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری 'ئێلیوشن 74' کە لە ئازەربایجان بە فڕۆکەی 'ڕێگەی ئاوریشم' ناسراوە، لە فڕۆکەخانەی 'ئیلات'ـی ئیسرائیلەوە بەرەو باکۆ فڕیوە.
ڕۆژنامەکە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەیەکی دیاریکراو بدات، نووسیویەتی "ئەم فڕۆکانە، ڕۆژانە، چەندین جار لە نێوان تەلئەڤیڤ و باکۆدا هاتوچۆ دەکەن و چەک و کەرەستەی سەربازی دەگوێزنەوە. چاودیران، دەپرسن: ئایا جەنگێکی نوێ بەڕێوەیە؟"
ڕۆژی هەشتی تشرینی دووەم 2025، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومیدا، گوتی: ئێران ئێستا لە دۆخی نە جەنگ، نە ئاشتیدایە و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لە قازانجی ئێمەدا نییە.
ڕۆحانی، جەختی لەوەش کردەوە "لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵە سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی ئێران، خیانەتێکی مەزنە. نابێت بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئێمە زلهێزین و هەموو توانا و کەرەستەیەکی سەربازیی پێویستمان هەیە و بە سووکی تەماشای دوژمنەکانمان بکەین؛ ئەمە کارێکی هەڵە و مەترسیدارە."
