دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: شانازی بە پەیوەندیی و هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین، هەروەها لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتاریان پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە نوێیە، نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی: ئەمەریکا لە ڕابردوودا، بەردەوام پشتیوانی ئێمەی کردووە و هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە، لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمەریکا هاوکاری ئێمە کرد و نەوای ئارام و ناوچەی دژە فڕینیان بۆمان دروست کرد.
باسی لەوەش کرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جارێکی دیکە هات و هاوپەیمانی دروست کرد و هاوکاری کردین بۆ لەناوبردنی تیرۆر.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر ئەمەریکا بوو هاوکاری ئێمەی کرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریکا قورس بوو ئەو شتە ڕووبدات، ئەمەریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد.
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتی ئەمەریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەنگاو و قۆناخی داهاتوو.
سەرۆکی حکوومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە و پاڵپشتی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک ترەمپ دەبین لە دابینکردنی ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزبوون و برەودان بە بازرگانی لە جیاتی شەڕ و ناکۆکی، لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و حکوومەتی فيدراڵی عێراق بۆ بنیاتنانی وڵات."
لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، دەمانەوێت حکومەتی داهاتوو، ڕێز لە دەستوور و مافەکانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین.
جەختی لەوەش کردەوە، شانازی دەکەین هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانوێت لە شوێنێکی ئارام بژین و لێرە مافەکانیان پارێزراوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر کاتێک پێویستمان بە ئەمەریکا بووبێت پاڵپشتمان بووە، ئێستا ئێمەش پاڵپشتی خەڵکی دیکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە، پێکەوە دەتوانین وڵات و هەرێمێکی زۆر باشتر و داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر بکەین.





