ئێران.. بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان ڕێگرن لە یەکخستنی نرخی دراو

دژایەتیی سیاسی و تێگەیشتنی هەڵە بووەتە هۆی ئەوەی بە یەکنرخکردنی دراو، هەمیشە وەک بابەتێکی پڕ مەترسی و تێچووی زۆر تەماشا بکرێت

وارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕۆژنامەی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "فرەنرخیی دراو لە ئێراندا پێویستییەکی ئابووری نییە، بەڵکو هەڵبژاردەیەکی سیاسییە کە ساڵانێکە بەبێ چاکسازی ماوەتەوە. قووڵیی بابەتەکە لەوەدایە، بەهای دراو لە ئێراندا تەنیا بەهای سەروەتێک یان ئامرازێکی ئاڵوگۆڕ نییە، بەڵکو لەگەڵ بودجەی حکوومەت، سیاسەتی دەرەوە، پێکهاتەی بازرگانیی وڵات و چاوەڕوانییەکانی هەڵاوساندا تێکەڵ بووە."

ڕۆژنامەکە، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، نووسیویەتی، کەم وڵات لە جیهانی ئەمڕۆدا سیستەمی فرەنرخیی دراو بەکار دەهێنن، تەنانەت وڵاتانی تورکیا و ڕووسیا، کە هەڵاوسانیان لە قۆناغێکدا گەیشتە 50% و 70%، هێشتا سیستەمی یەکنرخیی دراوی خۆیان پاراستووە و ڕێگەیان نەداوە بازاڕی دراو بۆ چەند نرخێکی فەرمی و نافەرمی دابەش ببێت. 

لە ئێراندا فرەنرخیی دراو، بە درێژایی ساڵان، بووەتە بەشێک لە میکانیزمی دابینکردنی دارایی حکوومەت و حکوومەتیش سوودی لەم دۆخە وەرگرتووە؛ هەروەک چۆن گرووپی تایبەتیش لەم جیاوازیی نرخە سوودمەند بوون. لەلایەکی دیکەوە، لەناو پەرلەمانیشدا هێشتا لایەنگری بەهێز بۆ سیستەمی فرەنرخیی هەیە و تێکەڵەیەکی ئاڵۆز لە بەرژەوەندییەکان، دژایەتیی سیاسی و تێگەیشتنی هەڵە بووەتە هۆی ئەوەی کە بە یەک نرخکردنی دراو هەمیشە وەک بابەتێکی پڕ مەترسی و تێچووی زۆر تەماشا بکرێت. 

یەکنرخیی دراو، تەنها چاکسازییەکی ئابووری نییە، بەڵکو بابەتێکی سیاسیی ئاڵۆزە و چارەکردنی پێویستی بە کۆدەنگی و تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان سیاسەتمەداران، پەرلەمان، کۆمەڵگەی نوخبە و خەڵکدا هەیە.

خراپترین سیناریۆ کە لەوانەیە ئابووری هەر وڵاتێک پێیدا بگوزەرێت، ئەوەیە حکوومەت توانای کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، بودجە و بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییە داراییەکانی وڵاتەکەی بەتەواوی لەدەست دەدات. لەم دۆخەدا، وڵات دەچێتە قۆناغێکەوە کە هەڵاوسان لە (بەرز)ەوە دەگۆڕێت بۆ (کۆنترۆڵنەکراو) واتە نرخەکان نەک تەنیا مانگانە، بەڵکو هەفتانە و تەنانەت ڕۆژانەش دەگۆڕێن.

ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە پێش ڤەنزوێلا، لە ئەرجەنتینیش بینرا؛ حکوومەت نرخی فەرمیی دراوی بە نزمی هێشتبووەوە، بەڵام کورتهێنانی بودجە و چاپکردنی پارە و هەژموونی بازاڕی ئازاد بەردەوام بوو. کاتێک حکومەت نەیتوانی نرخەکان چاک بکات و سیستەمی فرەنرخی کۆ بکاتەوە، کۆنترۆڵ لەدەست چوو و خەڵک خۆیان هەموو شتێکیان بە دۆلار نرخاند؛ واتە هەموو مامەڵەیەکی ڕۆژانە، گەورە و بچووک، بە دۆلار دەکرا.

 ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە تێیدا هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و نرخی فەرمی و بازاڕی ئازاد یەک دەگرنەوە؛ نەک لەسەر بنەمای چاکسازی، بەڵکو لەسەر بنەمای داڕمان. واتە سیناریۆ هەرە خراپەکە: نرخەکان بە شێوەیەکی کتوپڕ دەبنە واقعی، بەڵام ئەم (بوونە واقیعە) نەک بە هێواشی و پلان بۆ دانراو، بەڵکو لەناکاو و هاوکات لەگەڵ داڕمانی بژێوی خەڵکدا ڕوو دەدات.

کارەساتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، کاتیک نرخەکان ئازاد دەبن، بەڵام ئابووری ئازاد نابێت؛ واتە خەڵک بەرگەی شۆکی نرخەکان دەگرن، بەڵام چاکسازیی دامەزراوەیی، بودجەیی و پێکهاتەیی ڕوو نادات. لەم جۆرە دۆخەدا، نە دراوی نیشتمانی جێی متمانەیە، نە نرخاندنی حکوومی کار دەکات و نە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی هەیە.  ئەنجامەکەی دەبێتە ئازادکردنێکی بێچاکسازی، گرانییەکی بێچارەسەر و فشارێکی قورس کە لەبری ئەوەی ڕێگەی چاکسازییەکان خۆش بکات، کۆمەڵگە ماندوو دەکات و توانای بڕیاردانی حکوومەت لاوازتر دەکات.

 نیگەرانییەکە لەوەدایە ئەگەر داهاتی دراویی ئێران، بەهۆی جەنگ، یان گەمارۆی زیاترەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکات، ئابووریی ئێرانیش دەکەوێتە بەردەم مەترسیی هەمان داڕمانی پێشبینی کراو.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment