شکستی گفتوگۆکانی ئەمەریکا و ڕووسیا نرخی نەوتی بەرز کردەوە
دوای ئەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا لە گفتوگۆکانیاندا سەبارەت بە ئۆکرانیا پێشکەوتنێکیان بەدەست نەهێنا، نرخی نەوت لە 1% بەرز بووەوە.
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە " گفتوگۆکانی بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە مۆسکۆ، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی ئەگەری لە ئۆکرانیا، سەرکەوتوو نەبووە."
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 53 سەنت، واتە 0.8%، بەرزبووەوە و گەیشتە 62.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس(WTI) بە بڕی 62 سەنت، واتە 1.06%، بەرز بووەوە و گەیشتە 59.26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەردوو جۆرە سەرەکییەکەی نەوت لە مامەڵەکانی ڕۆژی سێشەممەدا زیاتر لە 1%یان لە نرخەکانیان لە دەست دابوو.
بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA) ئەمڕۆ ڕایگەیاند "یەدەگی نەوتی خاو، بەنزین و بەرهەمە پاڵێوراوەکان، لە هەفتەی ڕابردوودا زیادیان کردووە و ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت زیادبوونی خستنەبازاڕی ئەو بەرهەمانە، زۆرتر کردووە."
22ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوتی ڕووسیادا سەپاند، لەوانە کۆمپانیاکانی ڕۆسنەفت (Rosneft) و لوکۆیڵ (Lukoil) ئامانج لەم سزایانە کەمکردنەوەی توانای کرملین بوو بۆ دابینکردنی دارایی جەنگ دژی ئۆکرانیا و فشارخستنە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە دانوستانەکانی ئاشتی.
سزاکانی ئەمەریکا بوونە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر کەرتی وزەی ڕووسیا و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ئەو کۆمپانیایانە بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا.
