کوردستان24 زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی کۆرمۆر ئاشکرا دەکات

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ڕێبەر ئەحمەد، لە بەغدایە و دەربارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو لیژنەی پێکهێنرابوو دەربارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان داوەتەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

هەروەها گوتی: هەر یەکە لە وەزیری ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەنەتەوە و ڕاپۆرتی کۆتاییان پێداوە، هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە، شوێنی هێرشە موشەکییەکە دەستنیشانکراوە و لە سنووری خورماتوو ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوەی ئاماژەی پێنەکراوە، بکەرانی هێرشەکەیە.

پەیامنێری کوردستان24، ئەوەشی خستەڕوو، لەو سنوورەی هێرشەکەی لێکراوە گرووپی چەکداری سەربە حەشدی شەعبی لێیە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دابوو، بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتنە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل بوو بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment