ترەمپ: پوتن خواستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیای هەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە میانی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی مۆسکۆدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئەو بڕوایەی لای نێردراوانی ئەمەریکا دروستکردووە کە دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ ئاماژەی بەوەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی و جارید کوشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری، بەشدارییان لە دانوستانەکانی مۆسکۆدا کردووە، ئەو سەرنجەیان لا دروست بووە کە ڕووسەکان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
سەرۆکی ئەمەریکا دیدارەکەی نێوان نێردراوانی و سەرۆکی ڕووسیای بە زۆر باش وەسف کرد، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی هێشتا چارەنووسی دانوستانەکان نادیارە و گوتی: "ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە چی بوو؟ ناتوانم بیڵێم، چونکە دوو کەسی دەوێت بۆ تانگۆ"، وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی ڕەزامەندی هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
ڕۆژی سێشەممە، پوتن لە کرێملین پێشوازی لە ویتکۆڤ و کوشنەر کردبوو. هەرچەندە دوای کۆبوونەوە درێژخایەنەکە، نێردراوانی ئەمەریکا مۆسکۆیان بەجێهێشت بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی ڕابگەیەنن، بەڵام بەرپرسانی هەردوولا دیدارەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد.
لەم چوارچێوەیەدا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی پێشنیازەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە پلانی ئاشتی کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی دوێنێ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی نێوان نێردراوانی ئەمەریکا و پوتن "هەمەلایەنە و بەرهەمدار" بووە. ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد ویتکۆف و کوشنەر دوای کۆبوونەوەکە، کورتەیەکیان لەبارەی وردەکاریی گفتوگۆکان داوەتە ترەمپ و بەرپرسانی ئۆکرانیا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئەمەریکی، وەک بەردەوامییەک بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا، ویتکۆڤ و کوشنەر لەگەڵ ڕۆستەم عومەرۆڤ، دانوستانکاری ئۆکراینی کۆببنەوە.
