ئەمەریکا درۆنی بۆمبڕێژکراوی لوکاس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، درۆنێکی نوێی بۆمبڕێژکراو دەخاتە خزمەتی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و یەکەم کاروانی درۆنەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات، کە بە (یەکەی پێوەدانی دووپشک) ناسێندراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو یەکە درۆنە بۆمبڕێژراوەی سوپای ئەمەریکا هاوشێوەی درۆنە بۆمبڕیژکراوەکانی ئێرانە و بە کەمترین تێچوو بەرهەمهێنراون، هاوکات چوار مانگ بەر لەو وادەیەی، پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی درۆنەکان دیاری کردبوو، بەرهەمهێنراون.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ناوی درۆنەکە (لوکاس)ـە و لەسەر شێوەی درۆنی شاهێد 136ی ئێران دروستکراوە و دەتوانێت مەودایەکی دوور ببڕێت، هاوکات بە خێرایی بگاتە سەر ئامانجەکەی و توانایەکی وێرانکەری هەیە، کە تێچووەکەی لە دروستکردنی مووشەک زۆر کەمترە.
بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، درۆنی (LUCAS) کە لەلایەن کۆمپانیای SpektreWorks دروستکراوە و ئێستا خراوەتە خزمەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گوتەی بەرپرسەکەی پێنتاگۆن، تێچووی درۆنێکی لوکاس 35 هەزار دۆلارە، هاوشێوەی درۆنی ئێرانییە، بەڵام بە تایبەتمەندی زیاتر و توانایەکی کاریگەرتر.
