موحسین ئاوارە: هەندێک لە شاعیرە گەنجەکان زیانیان بە شیعری سەردەم گەیاندووە

شاعیر و نووسەر موحسین ئاوارە
شاعیر و نووسەر موحسین ئاوارە

شاعیر و نووسەر موحسین ئاوارە، لەو چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە نوێترین بەرهەمی خۆی دەکات و باس لە یەکەم شیعری دەکات، کە لە شاخ نووسیویەتی و دەڵێت: بە ئیمزای هەژاری موکریانی یەکەم شیعری خۆم بەناوی سروودی پێشمەرگە خوێندەوە.

موحسین ئاوارە تێبینی لەسەر شیعری هەندێک لە شاعیرە گەنجان هەیە و دەڵێت: جۆرە شیعرێک دادەڕێژن، مەگەر هەر خۆیان بزانن چیان گوتووە، بەمەش خوێنەران لە شیعر دوور کەوتوونەتەوە و چێژ وەرناگرن.

کوردستان24: خەسڵەتەکانی شاعیر لە چیدا دەبینیت؟

موحسین ئاوارە: شاعیر لە ڕووگەدا کەسێکی ئاساییە، بەڵام لە ناخ و دەروونی خۆیدا جیاوازە، هەست ناسکە، کەسێکی خەیاڵاوییە، هێمن و لەسەرخۆیە، لە قسەکردندا کەم دەدوێ، بەڵام کە قسەی کرد قسەکانی جیاوازە، تا ڕادەیەک وتەکانی جوانترە لە گشتگیرییەکە، واتە دەوڵەمەندە بە نموونە هێنانەوە و گوتەی دەگمەن، بە هێمنیش دەدوێ و بە هەڵپە و هاڕەهاڕ نییە.

کوردستان24: ڕەخنەی جددی، شیعری باش دروست دەکات؟

موحسین ئاوارە: ڕەخنە بۆ شاعیر دەستگرە، پاڵپشتە، هاندەرە، بەڵێ ڕەخنەی جددی شاعیر دەوڵەمەند دەکات بۆ ئەوەی هەڵەکانی خۆی چاک بکاتەوە، هەروەها بۆ بنیاتنانی دروست و پتەوکردنی شیعر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.

کوردستان24: باشترین ڕێگا بۆ دەستپێک و کۆتایی هێنان بە شیعر چۆن دەبێ؟

موحسین ئاوارە: دەستپێکی شیعر بیرۆکەی شاعیرە کە لە ناخیدا تێکدەچڕکێ و خول دەخوات دواتر دامەزراندنی دەستپێدەکات، پاش داڕشتنەکەی لایەنی جوانکاری و قووڵکردنەوەی ئەنجام دەدرێت، دیارە ئەم کارەش لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکیتر لە بنیاتنان و شێوازی دەربڕین جیاوازی هەیە بە پێی توانا و ئەزموونی شاعیرەکە.

کوردستان24: سەردەمی ئەمڕۆ لە چاو سەردەمەکانی پێشووتردا چۆن دەبینی؟

 موحسین ئاوارە: سەردەمی پێشوو شێوازی دەربڕین کلاسیک یان بڵێم کلاسیزم پەیڕەو دەکرا، شیعرەکان بە کێش و سەروا و وشەی عەرەبی و ئاینی ئیسلامی تێدا بوو، دواتر ڕۆمانسیەت بە تایبەتی سەردەمی گۆران و هاوسەردەمەکەی کە کوردییەکی پەتی و شیعری دڵداری و نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لەخۆی دەگرت، هەروەها کێش و سەروای پەنجەی لێ بەکارهاتووە، بەڵام شاعیری سەردەم هەر دوو جۆرە شێوازی دەربڕینیان   بەکارهێناوە، چ وەک پەخشانە شیعر یان وەک شیعری ئازاد و کراوە بە لاساییکردنەوەی بیانی و عەرەب هەر لە ڕیالیزم بە هەردوو بەشەکەی، مۆدێرینزم و پۆست مۆدێرنیزم و لاساییکردنەوەی چەندین قوتابخانە و شەپۆلەکانی ئەدەبی بە شێوەیەک هەندێک لەو گەنجانە جۆرە شیعرێک دادەڕێژن مەگەر هەر خۆیان بزانن چیان گوتووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی خوێنەران لە شیعر بپەنگێنەوە و چێژ وەرنەگرن و بە زیانی شیعری سەردەم بکەوێتەوە.

کوردستان24: شیعری ئەمڕۆ چەقبەستووە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقبەستووییە دەرباز بکەین؟

موحسین ئاوارە: بەو شێوەیە دەباز دەبێت وەکو، دەبێت لە وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێرییەک هەبێت، واتە لێژنەیەک کە کاریان ئەوە بێت تەنیا لەلایەنی هونەری بڕیاری خۆیان هەبێت و ڕێگە نەدەن هیچ کۆمەڵە شیعرێکی بێ سەر و بەر چاپ بکرێت. هەروەها لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان ئەو جۆرە شیعرانە بڵاو نەکەنەوە کە شیعری چەقبەستووییە، هەروەها بەناوی سەردەمخوازی ئەو جۆرە شیعرانە ڕەخنەگری ئازا و بێ شەرم و جەربەزەی دەوێت کە بنووسێ و ڕەفزیان بکات.

 کوردستان24: هیچ دەزگایەکی بە دواداچوون هەیە بۆ ڕێگەگرتن لەو شیعرە کرچوکاڵانەی ئێستا دەرخواردی خوێنەر دەدرێ؟

 موحسین ئاوارە: هیچ بەربەستێک و لێپێچوونەوەیەک نییە کە نابێ ئاوا بێت، بەڵکو لە سەردەمی ڕژێمەکانی دژ بە کورد ئەو شێوازە دەربڕینە هەر وشە و دێڕی بێ مانا ڕێز بکرێت کەس تێی نەگات بۆ ئەوەی بەرایی لە شیعری شۆڕشگێڕی و کورسی لەرزاندن و تێکۆشان و ورە بەرنەدان بگرن، ئەو؟ سیاسەتەی ئەوسا درێژەی کێشا و شاعیرانی دڵسۆز و کوردپەروەرانیش دەقیان پێوە گرت و تا ئێستایش بەردەوامە بەداخەوە.

 کوردستان24: بۆچی شیعرەکانی ئەو سەردەمە نابێت بە هەوێنی گۆرانییەک؟

موحسین ئاوارە: چونکە نە کێش و نە سەرواو نە ڕێزبەندی هەیە، بەڵکو لێکترازانی لایەنی هونەری بگرە ئەو چێژ و سەنجڕاکێشی و جوانییەی لە خۆ ناگرێ یارمەتی ئاوازدانەر بێت، بابەتەکەیش هاندەر نییە تا بە پەرۆشەوە ئەو شیعرە گۆرانی یا سروودێکی نیشتمانی لێ بکەوێتەوە، چونکە ئەو جۆرە شیعرانە ئەگەر بکرێتە گۆرانیش سەقەتە و بڕ ناکات.

 کوردستان24: چی لە شیعرەکانی هەژاری موکریانی و هێمن فیر بوویت؟ 

 موحسین ئاوارە: یەکەم شیعرم بە ناوی سروودی پێشمەرگە بوو کە لە ئێزگەی دەنگی کوردستانی عێراقدا لە ساڵی 1969 لە مەمی خەلان خوێندمەوە، ئیمزای هەژار موکریانی لە سەر بوو تا بتوانم بیخوێنمەوە،  کە ئەو کات پێشمەرگە بووم، مام هەژار گوتی ئەو شیعرەت هەندێک کەم و کوڕی تێدایە، بەڵام وا دوو دێڕت بۆ چاک دەکەم چونکە گەنجی دڵت ناشکێنم دەزانم حەز دەکەی کەسوکارت لە شارەکەتان گوێیان لێ بێت. من بەمشێوەیە هەژاری شاعیرم بینی، دواتر زۆر هۆگری شیعرەکانی بووم، شاعیرێکی گەورەیە هەر لە وەرگێڕان و شیعری چێژدار و مانادار، هەروەها مام هێمنیش شیعرەکانی باڵا و کاریگەرن و جوانیان لێ دەڕژێ، نکوڵی لە گەورەیی ئەو دوو شاعیرە مەزنە ناکرێ کە شیعرەکانیان هەوێنی شیعری شاعیرانیتر بووە.

کوردستان24: بەرهەمی نوێت چی دەبێت؟

 موحسین ئاوارە: دوا بەرهەمم دیوانێکی شیعری بوو بەناوی "سەماوەری سینە و هەڵمی سۆزدار" کە لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا کتێبەکەم ناساند، لەگەڵ ڕێزلێنان و شیعر خوێندنەوە و مۆسیقا و ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر. بە هیوام دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت 16  کۆمەڵە شیعری چاپکراوم بە کۆکراوەیی لە سێ گۆڤاردا بە چاپ بگەیەنم

ژیاننامە:

شاعیر و نووسەر موحسین ئاوارە، لە ساڵی 1951 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1969 یەکەم شیعری بەناوی سروودی پێشمەرگە لە ئێزگەی دەنگی کوردستانی عێراق خوێندووەتەوە کە ئەو کات پێشمەرگە بووە. 

لە ساڵی 1972 بووەتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر. لە ساڵی 1996 تا 2004 ڕاوێژکار بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

هەروەها لە ساڵی 2006 تا 2011 بەرپرسی بنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیری گەلاوێژ بووە لە هەولێر، نووسەر خاوەنی 17 کتێبی چاپکراوی شیعرییە

 
 
 
Fly Erbil Advertisment