سوودانی: فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە بڕیاری بەتیرۆریست ناساندنی حزبوڵڵا و حووسییەکان دەرکرد
محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرس و کە متەرخەم بوونە لە بڵاوکردنەوە بڕیاری بەتیرۆریست ناساندنی حزبوڵڵا و حووسییەکان.
پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرس و کەمتەرخەم بوونە لە بڵاوکردنەوە هەڵەکەی بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان کە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاو کراوەتەوە.
ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵوێستە سیاسی و مرۆییەکانی سەبارەت بە دەستدرێژی دوژمن بۆ سەر کەسوکارمان لە لوبنان و فەڵەستین هەڵوێستێکی پرەنسیپییە و جێگەی گفتوگۆ نییە و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی عێراقە بە هەموو جیاوازییەکانەوە لەگەڵ مافی گەلانی برا بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە لەسەر خاکی خۆیان.
سوودانی، باسی لەوەش کردووە، هیچ کەسێکی هەلپەرست و مایەپووچ، ناتوانێت موزایەدە بەسەر هەڵوێستی حکوومەتی عێراقدا بکات، کە هەمیشە سوور بووە لەسەر پاڵپشتیکردنی خاوەن خاکەکان و ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی و دەستدرێژی و جینۆساید و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و هەموو ئەو دەستدرێژییانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەیەوە بێدەنگ بووە.
ناساندنی حزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکان بە تیرۆریست
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، بە ژمارە 4848 کە لە 17ـی مانگی ڕابردوو دەرچووە، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە کە تێیدا حکوومەتی فیدراڵی عێراق، گرووپی حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، گرووپی حزبوڵڵا بە زنجیرەی ژمارە 18 و حووسییەکانی یەمەن بە زنجیرەی ژمارە 19 خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. لە خانەی (زانیاریی دیکەدا) نووسراوە"بەشداربوون لە کردەی تیرۆریستیدا" ئەمەش ڕێکارە یاساییەکانی وەک سڕکردنی سەرچاوەی دارایی، ڕێگریی لە هاوکاریی داراییان بە گوێرەی یاسا عێراقییەکان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیان دەکرێت.
ڕوونکردنەوەی لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە عێراق
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی یەکەم، لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ناساندنی حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی بڵاو کراوەتەوە لەسەر بلۆککردنی سەروەت و سامانی لیستی قەوارە و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە بووە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە لەسەر داوای داواکاری مالیزیا و بەپێی بڕیاری ژمارە 1373ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. جەختیشی کردەوە، ئەم لیستە چەند لایەن و قەوارەیەکی تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ چالاکی تیرۆریستییەوە نییە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی ناوبراو.
ڕوونیشی کردەوە، ڕەزامەندیی لایەنی عێراقی تەنیا بۆ ئەو قەوارە و کەسانەی پەیوەندیان بە داعش و ئەلقاعیدە هەیە دەگرێتەوە، هەروەها ناوی قەوارەکانی دیکەش لەبەر ئەوە بووە کە لیستەکە پێش پێداچوونەوەی لایەنی عێراقی بڵاو کرابووەوە.
