ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان پیلانی دەستی ناوخۆیی و دەرەکی لە هێرش و ڕووداوەکانی کوردستان ئاشکرا دەکات
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سیناریۆی پەکخستنی کۆرمۆر و دەست ڕاکێشانی میلیشیاکان بۆ کوردستان ئاشکرا دەکات
دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد لە پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی فرەچەشن و مەترسیدار کە ئامانج لێی ئیفلیجکردنی کەرتی وزە و دروستکردنی ڕووباری خوێن بوو لە شەقامەکانی کوردستاندا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وردەکاریی تۆڕێکی تێکدەری ئاشکرا کرد کە لەلایەن دەستی دەرەکی و ناوخۆییەوە جووڵێندراون بۆ ئەوەی زەمینە بۆ هاتنەناوەوەی میلیشیاکان خۆش بکەن.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە چڕەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو گرژییانەی ئەم دواییەی گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات، تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو سەرەتای جێبەجێکردنی نەخشەیەکی پێشوەختە بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە دەستێکی تێکەڵ لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی پلانی زنجیرەیەک پەلاماریان جێبەجێ کردووە کە دیارترینیان لێدان بووە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆ بڕینی کارەبای هەرێم بوو، بەدوایدا هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا و ئەنجامدانی تەقینەوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.
بەشێکی دیکەی پیلانەکە، وەک لە لێکۆڵینەوەکاندا دەركەوتووە، شەڕێکی دەروونی و میدیایی بووە، پلانەکە بەو جۆرە بووە کە لە ڕێگەی میدیای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن و میدیا دەرەکییەکانەوە خەڵک بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژی هان بدەن، پاشان لە ناو خۆپیشاندانەکانەوە تەقە بکرێت تاوەکو هێزە ئەمنییەکان ناچار بە وەڵامدانەوە بن و خەڵک بکوژرێت، ئامانجی کۆتایی ئەم سیناریۆ خوێناوییە ئەوە بووە کە کوژرانی هاووڵاتییان بکرێتە پاساو و بانگەشە بۆ ئەوەی داوای دەستوەردان لە گرووپە میلیشیاکان بکرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، پێشوەختە ئاگاداری وردەکاریی پیلانەکە بوون و توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا ڕێگری لێ بکەن. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک لەو تێکدەرانە دەستگیر کراون کە فەرمانیان لە لایەنە دەرەکییەکان و میلیشیاکان وەرگرتووە و دانیان بەوەدا ناوە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی هەرێم بووە، ئێستاش ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
گرنگیی پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە لەوەدایە کە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەبارەت بە جموجۆڵی لایەنە خراپەکارەکان لە ناوچەکەدا.
کێڵگەی کۆرمۆر کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبایە، پێشتریش چەندین جار کراوەتە ئامانجی درۆن و مووشەک، بەڵام ئەمە یەکەمجارە پیلانەکە بەو شێوە بەرفراوانە بێت کە تێکەڵەیەک بێت لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ژێرخان و هاندانی شەقام بۆ دروستکردنی پشێوی، وەک ئەوەی لە ستراتیژیی شەڕی هایبرید (جەنگی تێکەڵاو)دا بەکار دەهێنرێت بۆ ڕووخاندنی قەوارەکان لە ناوەوە.
دەستگیرکراوێک کە سەرپەرشتی ئاژاوە و تێکدان و پشێوی نانەوەی کردووە لە گوندی لاجان، ناوی(نێچیرڤان عیسا میر) ە و لەدایکبووی ساڵی 1991 ە و لە دانپێدانانی خۆی دەڵێت: دەرچووی زانکۆی موسڵم، کۆلێژی ئاداب-بەشی وەرگێڕان، دەڵێت: ساڵی 2021 لەگەڵ جەوهەر ئاغا هاتمە نێو ڕێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بوومە ئەندامی کۆمیتە، دوای ماوەیەک من بوومە بەرپرسی کۆمیتەی 14ـی قەزای خەبات، خۆی دەڵێت: سەرەتای ساڵی 2025، وەلید پەیوەندیی بەمنەوە کرد و گوتی: وەرە سلێمانی، جەوهەر ئاغا پێی خۆشە تۆ ببینێت سەبارەت بە هەندێک بابەت، منیش گوتم باشە، چوومە سلێمانی و جەوهەر ئاغام بینی و گوتی: پەیوەندیمان بە کەتائیبی سەیدولشوهەدا هەیە لەناو حەشدی شەعبیدا و گوتی: دەبێت تۆ سەرپەرشتی ئەو مەوزەعانە بکەی لە سنووری هەولێر، منیش گوتم: باشە، گوتی: سبەی بڕۆ مووسڵ لەڕێگەی کەرکووک و تکریت، بڕۆ لای کەسێک بەناوی(ئەبو فراس) کە یەک لە بەرپرسانی سەیدولشوهەدایە و پێویستە هەماهەنگیت لەگەڵ ئەودا هەبێت، منیش گوتم باشە، ڕۆژی دواتر من چوومە مووسڵ و(ئەبو فراس)م بینی،(ئەبوفراس) بەمنی گوت تۆ وردەکاری دەزانیت؟ منیش گوتم: هەمووی نا، (ئەبو فراس) بەمنی گوت: 135 نەفەر دێن و ڕاهێنانیان پێ دەکەین بۆ چاودێری، هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە سنوورەکە دروست بێت، ئەوان هان دەدەین خۆپیشاندان بکەن، منیش گوتم، باشە، ڕۆژی دواتر(ئەبو فراس) بەمنی گوت: 35 نەفەر لەوانە بۆ من بنێرە لەو 135 کەسە، منیش گوتم باشە و 35 نەفەرەکەم بۆ ڕەوانە کرد، ئەو چەند کەسە لەوانە بوون کە ڕاهێنانیان پێکرابوو لە تەقە و چاودێری و هەواڵگریی سەیدولشوهەدا، دوای ئەوانیش چەندی دیکەش چوونە نێو ڕاهێنانەکە.
نێچیرڤان دەڵێت: پێشی گرژییەکان لە گوندی لاجان دروست ببێت، چەند ڕۆژ پێش ئەوە، وەلید تەلەفۆنی بۆمن کرد، وەلید گوتی: وەرە سلێمانی جەوهەر ئاغا دەیەوێت تۆ ببینێت،منیش گوتم باشە، منیش ڕۆژی دواتر چوومە سلێمانی و جەوهەر ئاغام بینی، جەوهەر ئاغا بە منی گوت: تۆ دەزانی ئێمە لەگەڵ کەتیبەکانی سەیدولشوهەداین و ئەوان هیچ درێخیان لەگەڵ ئێمە نەکردووە، گوتی: پێویستە ئێمەش وەڵامی ئەوان بدەینەوە و هاوکارییان بکەین و گوتی: کەتائیبی سەیدولشوهەدا و هەندێ لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی بەیەکەوە پیلانێکیان هەیە خۆنیشاندان لە هەولێر ڕێک بخەن، منیش گوتم: باشە، گوتی: ئەگەر ئەو خۆپێشاندانە کرا، تۆ سەرپەرشتی دەکەی، منیش گوتم باشە، گوتی: هەر شتێکتان کەوتە دەست، فەرمانگەی حکوومی بێت، یاخود پاڵاوگە بن، یاخوود وێستگەی کارەبا بێت، هەر شتێکیان تێدا بێت، دەبێت بیسوتێنن، گوتی: تەقینەوە بکەن و خەڵک بە کوشت بدەن، گوتی: ئەوەی گرنگە، لەتائیب سەیدولشوهەدا لە ئێمە ڕازی بێت، گوتی: ئەوان بڕە پارەیەک دەدەنە ئێمە و ئێمە سوود لەوان وەردەگرین، گوتی: من نامەوێت ئەو هاوکارییەمان لێ ببڕدرێت.
دەڵێت: دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەو گرژییەی لەلاجان ڕوویدا، وەلید تەلەفۆنی بۆمن کرد و بەمنی گوت: فەرمان هاتووە بۆ ئێمە لەلایەن جەوهەر ئاغای هەرکییەوە کە ئێستا ڕاگەیاندن هان بدەن و خەڵک هۆشیار بکەنەوە و هەندێک پۆست بکەن، بەڵام خۆت جارێ نەچیە ناویانەوە، چونکە ڕۆژی یەکەمە کە گرژییەکان لە گوندی لاجان دروست بووە، منیش گوتم باشە، وەلید بەمنی گوت: ئێمەش خەڵکمان هاندا لەسەر پردی باستەم کە دەچێت بۆ مووسڵ، گوتی: بە فەرمانی جەوهەر ئاغا ئەو خەڵکەمان کۆ کردووەتەوە و تۆش بڕۆ سەرپەرشتیان بکە، گوتی: ئەگەر تۆ لەنێویاندا بیت، خەڵکیش دێتە ناوییەوە، منیش چوومە ناوی ، ئەوکات کەم خەڵک هاتبوون، 40 بۆ 50 گەنج هاتبوون، هەندێک کەناڵ هاتن لەگەڵ من دوان، من خەڵکم هاندا، نزیکەی 5 بۆ 5 و نیوی ئێوارە خەڵک هاتن، خەڵکەکەی ئێمە دەستی بە تەقە کرد لە بارەگای ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، دواتر قەپانیان سووتاند، دواتر ناوەندی لاوان لە کەلەک سووتێندرا لەگەڵ چەند کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕەوی، پاش ئەوەی ئەو شوێنانە سوتێنران، جەوهەر ئاغا پەیوەندی بەمنەوە کرد، کاتژمێر 7ـی ئێوارە بوو، لەمنی پرسی لە کوێی، منیش گوتم، لەنێو خۆپیشاندان دام، گوتی: تۆ لەناویان وەرە دەرەوە، ئاسایش پێی زانیووە تۆ سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکە دەکەی، منیش گوتم باشە، گوتی: لەڕێگەی مووسڵ وەرە تکریت، دواتر وەرە کەرکووک، وەرە سلێمانی، منیش گوتم باشە، من بینیم ڕێگەی مووسڵ داخراوە، ئاسایش پێی زانیبوو من سەرپەرشتی خۆپیشانداکە دەکەم، بۆیە ئاسایش هەموو ڕێگەکانی داخستبوو، بەتابەت ڕێگەی کەلەک-مووسڵ، کاتێک بینیم قەرەباڵغی زۆرە، گەڕامەوە و چوومە گردەڕەشە لەڕێگەی شەقامی 120، هاتم بۆ ڕێگەی قوشتەپە بۆ ئەوەی بچمە کەرکووک و دواتر بۆ سلێمانی، بەڵام کە لە قوشتەپە دەرباز بووم، ئاسایش منیان دەستگیر کرد.