سوپای ئیسرائیل: 40 چەکداری حەماس لە تونێلەکاندا مابوونەوە کوژراون

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک لە چەکدارانی حەماس ئەوانەی لە تونێلەکاندا ماونەتەوە، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل نزیکەی 40 کەسیان کوژراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، نزیکەی 40 چەکداری "حەماس"یان کوشتووە کە لە تونێلەکانی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە گیریان خواردبوو، لە چوارچێوەی ناوچەیەک ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە.

ئاماژەی بەوە داوە، ئەو چەکدارانە هەوڵی هاتنەدەرەوەیان داوە، لە ئەنجامدا لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارەکانی حەماس ڕووبەڕووبونەوە دروست بووە، بە هۆیەوە 40 کەس لە چەکدارەکان کوژراون.

میدیا ئیسرائیلییەکان لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە ڕایانگەیاندووە، نزیکەی 200 چەکدار لە تونێلەکاندا گیریان خواردووە، بەڵام هەندێکیان لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و هەندێکیشیان خۆیان ڕادەستکردووە.

ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر، بەدوای ڕێگە چارەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بەڵێنی ئەوە بدەن، جارێکی دیکە چەک هەڵنەگرن و خزمەتی حەماس نەکەن، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ڕێگای چوونە دەرەوەیان بۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە تونێلەکان ڕزگاریان ببێت و لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە نیشتەجێ بن، بەڵام بە هۆکاری بەردەوامی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس تاوەکوو ئێستا گفتوگۆکان وەستاون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment