حەوت کارگە لە کوردستان بەرهەمی زەیتوون لە جووتیارانی کوردستان دەکڕنەوە
لە هەرێمی کوردستان 7 کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتوون هەن کە زەیتوونی جوتیاران دەکڕنەوە و دوای ئەوەی دەیکەن بەزەیت دەیخەنە بازاڕەوە ،
ئێستا کاتی تەکاندن و لێکردنەوەی ئەو جۆرەی زەیتوونە کە دەکرێت بەزەیت، جوتیاران بەرهەمەکانیان بەو کارگانە دەفرۆشن کە زەیتی زەیتوون دروستدەکەن.
ئەمساڵ بەهۆی خراپی کەش و هەواوە، زەیتوون لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەش باش نەبووە.
خاوەن کارگەیەک دەڵێت: باخی زەیتوون هەبووە پارساڵ 7 تۆن بەرهەمی هەبووە ژەمساڵ 400 کیلۆگرامیش نابێت.
داری زەیتوون کە بەرەکەی زێڕی سەوزی پێ دەوترێت، مێژووی بوونی لە خاکی کوردستان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.
ئێستا کاتی پێگەیشتن و تەکاندن ئەو جۆرەی زەیتوونەیە کە زەیتی زەیتوونی لێ دروست دەکرێت، ئەهەرچی ئەمساڵ نەک لەکوردستان، بەڵکو لەئاستی وڵاتانی ناوچەکەش بەرهەمی زەیتوون کەمیکردووە، بەڵام ئێستا وەک ساڵانی ڕابردوو نیە، جووتیاران نازانن بەرهەمەکەیان چی لێ بکەن ، حەوت کارگەی زەیتی زەیتوون لەکوردستان هەن و بەرهەمەکان دەفرۆشنە ئەو کارگانە و زەیتی زەیتوونی لێ بەرهەم دێنن.
سابیر حاجی زاهیر، خاوەن باخی زەیتوون بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمەکەی زۆر کەمە، ئەوەی ساڵان 10 تۆنی هەبووبێت، ئەمساڵ ڕەنگە 500 کیلۆی نابێت، دەشڵێت: زەیتوون لە فەڵەستین و سووریا و لوبنانیش نییە.
ئاماژە بەوەش دەکات، بوونی کارگەکان زۆر گرنگە، بەتایبەت لەسەر ژینگە، هەروەها هانی خەڵکێکی زۆری داوە کە داری زەیتوون بچێنێت، ساڵانی پێشوو کە ئەم کارگەیە نەبوو، خەڵک نەیدەزانی بەرهەمی زەیتوونەکەی چی لێ بکات.
کارگەکە چەند ساڵێکە لەئیدارەی راپەرین مۆڵەتی فەرمی دروستکردنی زەیتی زەیتوونی وەرگرتووە و کاردەکات، ساڵانە بەرهەمی زەیتوونی جووتیارانی ئیدارەی راپەرین و پارێزگاکانی دیكەی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە و زەیتی زەیتوونی لە ژێر پەستانی سارد لێ بەرهەم دێنێت.
بەچەند قۆناغێک یەکێک لە زەیتە کواڵێتی بەرزەکانی زەیتوون بەبێ هیچ پێکهاتەیەکی کیمیایی دروست دەکات و ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی دەکات ،
سەرپەرشتیاری کارگەکە خەڵکی عەفرینە، رۆژانە زیاتر لە پەرداخێک زەیتی زەتوونی فرێش دەخواتەوە دەڵێت: زۆر بەسودە بۆیە سەر و قژم سپی نەبووە .
ڕەفعەت کەمال، سەرپەرشتیاری کارگەی زەیتوونەکە بۆ کوردستان24دەڵێت: تەمەنم 60 ساڵە و تەندروستیم زۆر باشە چونکە زەیتی زەیتوون بەکاردێنم، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم زەیتی زەیتوون بەکاربێنن چونکە بۆ تەندروستی دەرمانە، بۆ خواردنیش تامەکەی زۆر خۆشە، دەشڵێت: ساڵانە 50 بۆ 55 کیلۆ زەیتی زەیتوون دەبەمەوە مالەکەی خۆم و دەیخۆین، چونکە لە عەفرین زەیتی زەیتوونی وا نییە.
لەکوردستان 1500 باخی زەیتوون بە فەرمی لە وەزارەتی کشتوکاڵ تۆمارکراون، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار داری زەیتوونیان تێدا چێنراوە بەشێکیان زەیتوونی خۆشکردنە و بەشێکی زۆریشی زەیتوونی زەیتە و بەرهەمەکەی دەخرێتە بازاڕەوە.
