سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلێکی باران بارین دەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلێکی باران بارین دەکات و داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی باران بارین بۆ هەر پێشهات و ڕووداوێکی نەخوازراو بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو یاخود دروست بوونی لافاو دەتوانن بە زووترین کات پەیوەندی بە تیمی فریاگوزاری شارەوانی هەولێر بکەن.

هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و هاتنی شەپۆلێکی باران بارین، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم تیمەکانی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دوای دانانی پلانی وەرزی زستان و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و هەروەها فراوانکردنی کەند و ڕێڕەوەکانی ئاوی سروشتی، لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلێکی باران بارین دەکات کە تێیدا بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین لیژنە و تیمی شارەزا لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لەنێو گەڕەک و شەقامەکان جێگیر دەکات، لەگەڵ چەندین ئامێری قورسی فریاگوزاری خێرا.

سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستە هاووڵاتییان و دانیشتووانی شاری هەولێر ئاگادار دەکەینەوە لە کاتی چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی باران بارین بۆ هەر پێشهات و ڕووداوێکی نەخوازراو بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو یاخود دروست بوونی لافاو دەتوانن بە زووترین کات پەیوەندی بە تیمی فریاگوزاری شارەوانی هەولێر بکەن لە ڕێگای ژمارە مۆبایلی (07509584838) (07514146642)واتسئەپ، ڤایبەر، تێلێگرام.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دەستەی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ڕۆژی شەممە 6ـی کانوونی  یەکەمی 2025، ئاسامان ساماڵ دەبێت، جگەلە دەرکەوتنی پەڵە هەور لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات، لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت.

 
Fly Erbil Advertisment