ئیسرائیل بودجەیەکی 35 ملیار دۆلاری بۆ بەرگری ئامادە دەکات

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بودجەی پێشنیازکراوی ساڵی داهاتووی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاندووە، بودجەی ساڵی 2026ـی بەرگریی ئیسرائیل نزیکەی 112 ملیار شیکل دەبێت کە بەرانبەرە بە 35 ملیار و 630 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، کە بەراورد بە ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی پێشتر بە نزیکەی 28 ملیار دۆلار زیاد کراوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردووەتەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری و بتسائیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگ، لە بارەی چواچێوەی بودجەی بەرگریی وڵاتەکەیان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دەبێت تاوەکوو مانگی نیسان، واتە چارێکی یەکەمی ساڵی 2026 پەسەند بکرێت، ئەگەر نا تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی بەرگری دەکەوێتە خولی نوێی پەرلەمان (کەنیشت).

هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەی لەگەڵ کەمکردنەوەی قورسایی ئەرکی سەربازانی یەدەگ، بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی سوپا و سەربازەکانی، ئەمەش لە پێناو بەهێزترکردنی ئاسایشی وڵات و پتەوترکردنی هێز و بەرەکانی بەرگرییە.

بەگوێرەی ئامارە داراییەکانی، خەرجییەکانی شەڕی غەززە و لەشکرکێشی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرتە، لە ساڵی ڕابردوو (2024)دا، زیاتر لە 31 ملیار دۆلاری ئەمەریکی لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل کەوتووە، جیا لەمەش بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی حزبوڵڵای لوبنان خەرجییەکی دیکەی بەرگری لەسەر حکوومەتی تەلئەڤیڤ زیادی کردووە.

بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی نووسینگەی وەزیری دارایی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بودجەی بەرگری ساڵی 2026 بەراورد بە ساڵی 2023 بە نزیکەی 47 ملیار شیکل زیادی کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment