نەعیم قاسم: ڕێککەوتنی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل هەمووان نوقم دەکات

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت: هەر هەنگاوێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یەکانگیر بێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر لوبنان دەبێت؛ هۆشداریشیدا "سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بە مانای لەدەستدانی ئەو کەشتییە دێت، کە هەمووانی هەڵگرتووە و بەهۆیەوە هەمووان نوقم دەبن.

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ئەمڕۆ هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، حزبوڵڵا لەگەڵ حکوومەتی لوبنان هاوکار دەبێت و ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ ڕێگرتن لە "دەستدرێژی" هەڵبژاردووە، بەڵام ئەمەریکا و ئیسرائیل جگە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان، هیچ کارێکی دیکەیان نییە.

نەعیم قاسم ڕاشیگەیاند، ئەوەی لەسەر حزبوڵڵا بووە، جێبەجێی کردووە و توانای بە حکوومەت داوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن دا، دەسەڵاتی بەسەر تەواوی وڵاتدا بسەپێنێت؛ گوتیشی: ئەگەر لە ناوخۆدا یەکگرتوو بین، ئیسرائیل هیچی پێ ناکرێت، بەڵام دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو هەموو هێرشانەی دەکرێنە سەرمان، ساڵێکی تەواومان لە خۆڕاگریی بەڕێ کرد، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر یەکگرتوو بین، دەتوانین بەردەوام بین و لەسەر پێیەکانمان بوەستین. 

ئەمینداری حزبوڵڵا ڕەخنەی لە هەندێک لایەنی ناوخۆ لوبنان گرت و بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت، گوتی: هەندێک هێشتا باس لە داواکارییەکانی ئیسرائیل دەکەن، وەک ئەوەی پاساویان بۆ بهێننەوە، بۆیە لە لوبنان تەنیا کێشەیەکمان هەیە، ئەویش دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە و لەسەر هەمووان پێویستە بە یەکگرتوویی بەرەنگاری ببینەوە و دواتر هەر کارێک ڕێچکەی خۆی دەگرێتەبەر و چارەسەر دەبێت، چونکە هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا بەهۆی شەڕ و چەکی حزبوڵڵاوە نییە، بەڵکوو ئامانجی داگیرکارییەکی شێنەیی لوبنانە.

هەر ئەمڕۆ هەینی جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان بە شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە نوێنەرانی مەدەنیی هەر دوو لا یەکەمین گفتوگۆی خۆیان لە دوای چەند دەیە یەک ئەنجامدا.

عۆن داوای لە نێردەکان کرد پشتیوانی هەوڵەکانی سوپای لوبنان بکەن بۆ چەککردنی گرووپە ناحکومییەکان، هەروەها سوپا پێشبینی دەکات قۆناغی یەکەمی پلانە پەسەندکراوەکەی حکوومەت تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکات.

 
Fly Erbil Advertisment