بێڵ گەیتس هۆشداریی لە مردنی ملیۆنان منداڵ دەدات
ملیاردێری ئەمەریکی بێڵ گەیتس، هۆشداریدایە حکوومەتەکانی جیهان بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی گیان لەدەست دەدەن بگاتە نزیکەی 4 ملیۆن و 800 هەزار منداڵ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی (بێڵ و مێلیندا گەیتس) بڵاویکردووەتەوە، ئامارەکان ئاراستەیەکی مەترسیدار نیشان دەدەن. لە کاتێکدا ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانی خوار پێنج ساڵ بە 4.6 ملیۆن مەزەندە دەکرا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بۆ 4.8 ملیۆن بەرزبێتەوە.
گەیتس لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت: "ماوەی دەیان ساڵە جیهان پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەستهێناوە لە ڕزگارکردنی ژیانی منداڵان، بەڵام ئێستا بەهۆی زیادبوونی ئاستەنگەکانەوە، ئەو پێشکەوتنە دەستیکردووە بە پێچەوانەبوونەوە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشەیە بۆ بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە. ئەمەریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکرد بە کەمکردنەوەی هاوکارییەکان، دواتر وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیاش هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر. داتاکان دەریدەخەن کە کۆی یارمەتییەکانی گەشەپێدانی تەندروستیی لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە نزیکەی 27% کەمیکردووە.
جگە لە بڕینی هاوکارییەکان، گەیتس هۆکارگەلێکی دیکەی وەک "بەرزبوونەوەی قەرزی نیشتمانی و لاوازی سیستەمی تەندروستیی" بە هۆکاری زیادبوونی قوربانیان داناوە.
ڕاپۆرتەکە پێشبینییەکی ترسناک بۆ داهاتوو دەخاتە ڕوو؛ ئەگەر دابەزینی بودجە بەردەوام بێت، ئەوا تا ساڵی 2045 لەنێوان 12 بۆ 16ملیۆن منداڵی دیکە گیان لەدەست دەدەن. لە کۆتاییدا گەیتس داوای لە حکوومەتەکان کردووە وەبەرهێنان لە کوتان و چاودێری تەندروستیی چڕ بکەنەوە بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی داهاتوو.
لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەم زیادبوونە ببێتە یەکەم حاڵەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی منداڵان لەم سەدەیەدا (سەدەی 21)، بەتایبەت ئەو مردنانەی کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت.
