سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: ئەوەی پێویست بووبێت بۆ ڕێگری لە لافاو کراوە
لە سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی باران دەکرێت.
شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان، سەرپەرشت و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی سنوری سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگاکە کۆبووەتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی "لەو کۆبوونەوەدا، پلان و ئامادەکاریەکان بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو خرانەڕوو و ئەوەی پێویست بووبێت بۆ ڕێگری لە لافاو کراوە."
کارزان هادی ئاماژەی بەوەش دا "لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە هەماهەنگیی شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە هەروەها لەگەڵ لیژنە و تیمەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە لەگەڵ پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو کەند و ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاو وەگرن" .
ئەمە لە کاتێکدایە، کەشناسی پێشبینی کردووە، ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
