ئێران پێشنیازەکانی ئەمەریکا بۆ دەستپێکردەنەوەی دانوستان ڕەتدەکاتەوە

فەداحوسێن مالیکی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازەکانی ئەمەریکای بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕەتکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، میدیاکانی ئێران، لەسەر زاری فەداحوسێن مالیکی بڵاویان کردەوە کە گوتیەتی، "واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرە جیاوازەکانەوە چەندین پەیامی ناردووە و داوای لە تاران کردووە کە بەشداری دانوستان بکات، بەڵام تاران داواکانی ڕەتکردووەتەوە"، جەختیشی کردەوە، "ئێران ئێستا نیازی نییە بچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە."

ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکانی ئەمەریکای بۆ نەبوونی متمانە بە واشنتن پێداگرییان لەسەر مەرجەکانی پێشوەختە گەڕاندەوە، دیارترینیان وەستاندنی پیتاندنی یۆررانیۆمە.

فەداحوسێن مالیکی ڕەخنەی لەوە گرت بۆچی ئیسرائیل خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمییە بەبێ ئەوەی بچێتە ژێر هیچ چاودێرییەکی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها پەیوەندی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش نەکردووە.

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریی دا لە "ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە لوبنان، عێراق و یەمەن، چونکە ئەو هەردوو وڵات زیاتر تووشی پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی دەبنەوە."

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە هیچ پرۆسەیەکی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ئێستادا بەڕێوە بچێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment