بەڵگەنامەی ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئەورووپاییەکانی تووڕە کردووە

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ هەینی، ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی خستەڕوو، کە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نیشان دا. 

شەممە، 6ـی کانوونی یەکەم 2025، پێگەی 'عەرەبییە' بڵاوی کردەوە "ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، چەقی زلهێزیی لە گۆڕەپانی جیهانییەوە بۆ دراوسێ  هەرێمییەکان گواستووەتەوە و هۆشداری لە 'لەناوچوونی شارستانەتیی ئەورووپا' داوە."
ئەو ستراتیجییە، هەروا سنووردارکردنی کۆچی بە کۆمەڵی خستە پێشینەی کارەکانییەوە. بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئێستا ئەمەریکای لاتین لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەجێندای ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە؛ ئەمەش گۆڕانێکی ڕیشەییە لە بانگەوازە مێژووییەکەی ئەمەریکا بۆ ناساندنی ئاسیا وەک پێگەیەکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی چین، لەگەڵ تۆمارکردنی پاشەکشەیەکی گەورە لە بایەخدانی ئیدارەی ئێستا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆچی ئەورووپاییەکان لەم بەڵگەنامەیە تووڕەن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقی ئەو بەڵگەنامەیە، چونکە ئاماژەی بە 'لەناوچوونی شارستانەتیی ئەورووپا' کردووە؛ هەروەها باسی پاشەکشەی ئابووریی ئەورووپا کردووە و ڕایگەیاندووە "کێشە ڕاستەقینەکانی ئەورووپا زۆر لەوە  قووڵترن و چالاکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ئازادیی سیاسی و سەروەری لاواز دەکەن و پشتیوانیی سیاسەتی کۆچی بە کۆمەڵ دەکەن کە دەبێتە هۆی گۆڕانی کیشوەرەکە لە هەموو ڕوویەکەوە."

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە "یەکێتیی ئەورووپا چاودێری بەسەر ئازادیی ڕادەربڕیندا سەپاندووە و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی سەرکوت دەکات و ناسنامە نیشتمانییەکان بزر دەکات."

بەڵگەنامەکەی ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ڕوونی کردووەتەوە "پاشەکشەی پشکی ئەورووپا لە ئابووریی جیهانیدا، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی هەڵکشانی چین و هێزەکانی دیکەوەیە؛ پاشەکشەی ئابووری لەژێر سێبەری ئەگەری ڕاستەقینە و ڕوونتردا بزر بووە کە ئەویش سڕینەوەی شارستانییە ڕەسەنی ئەورووپایە.. ئەگەر ئەم ڕەوتە سیاسی – ئابوورییەی ئێستای ئەورووپا بەردەوام بێت، ئەوا لە ماوەی بیست ساڵ یان کەمتر، چیدی ناتوانرێت کیشوەرەکە بناسرێتەوە."

ئەو بەڵگەنامەیە ئاماژەی بەوە کردووە "دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوخۆی ئەورووپادا تۆوی بەرگری دژی ڕێڕەوی ئێستای ئەورووپا بچێنێت." ئەم ستراتیجییە، پشتیوانیی ئاشکرای واشنتنیشی بۆ پارتە نەتەوەییە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئەورووپا ڕوون کردۆتەوە.

 بەڵگەنامەکە، جەختی کردۆتەوە "سەردەمی کۆچی بەکۆمەڵ دەبێت کۆتایی پێ بێت و ئەمەریکا، لە سەردەمی ترەمپدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجی هاوشێوە لە ئەورووپا دەدات کە لەگەڵ ئەجێندای پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکاندا دەگونجێن."

ستراتیجییەکە، بە زمانێکی نامۆ لە زمانی گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکاندا، ئاماژەی بەوە داوە، ئیدارەی ئەمەریکا کار دەکات بۆ گەشەپێدانی بەرگری دژی ڕێڕەوی ئێستای ئەورووپا لە ناوخۆی کیشوەرەکەدا.

هەر بۆیە وەڵامی یەکێتیی ئەورووپا، تووڕەبوونی پێوە دیار بوو و لە ڕێگەی ئەڵمانیاوە ڕایگەیاند "ئەورووپا پێویستی بەوە نییە کەس لە دەرەوە ئامۆژگاری بکات." 

لە کاتێکدا گریگۆری میکس، پەرلەمانتاری دیموکراتەکان، لایوایە، بەڵگەنامەکە، لە پێناو دیدگەیەکی جیهانیی ترسنۆکانە و بێ پرەنسیپ، کۆتایی بە دەیان ساڵ لە سەرکردایەتیی ئەمەریکا دەهێنێت کە لەسەر بنەمای بەهاکان دامەزراوە.

لە کاتێکدا، دۆناڵد ترەمپ، هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت بەپێی پلانێک کە زەوی زیاتر بە ڕووسیا دەبەخشێت، ستراتیجییەکە ئەورووپییەکان بە لاوازی تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان تەرکیز بکاتە سەر "ڕێگریی لە فراوانبوونی بەردەوامی هاوپەیمانیی ناتۆ."

پرەنسیپی مۆنرۆ

سەرباری ئەوەش، ستراتیجییەکە، بە ڕاشکاوی باسی لە بەهێزکردنی هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە لە ئەمەریکای لاتین، کە تێیدا ئیدارەی ترەمپ قاچاخچییە گریمانەییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەریادا لەناو دەبات و دژی سەرکردە چەپەکان دەستێوەردان دەکات و بە ئاشکرا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سەرەکییە ئابوورییەکانی وەک کەناڵی پەنەما دەدات.

ئەمەش 'پرەنسیپی مۆنرۆ' دێنێتەوە یاد کە لە سەردەمی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، واتە 200 ساڵ لەمەوبەر، ڕاگەیەنراوە و تێیدا ئەمەریکای لاتین وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراو بۆ هێزە ڕکابەرەکان، دەستنیشان کراوە.

لە بەرانبەردا، ستراتیجییەکە بایەخێکی کەمتری بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، ئەو ناوچەیەی کە هەمیشە واشنتنی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

 سەرۆکەکانی ئەمەریکا، لە ماوەی هەر خولێکی حوکمڕانیاندا لە کۆشکی سپی، بەڵگەنامەی "ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی" دەردەکەن. دوایین دانە کە جۆ بایدن لە ساڵی 2022 بڵاوی کردەوە، ئەولەویەتی بە باڵادەستی کێبڕکێ لەگەڵ چین و کۆنترۆڵکردنی ڕووسیا، دابوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment