حەماس: ئامادەین چەکەکانمان ڕادەستی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین بکەین
خەلیل حەییە، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، ڕایگەیاند، بزووتنەوەکەیان ئامادەیە چەکەکانی ڕادەستی ئەو دەوڵەتە بکات کە لە داهاتوودا ئیدارەی کەرتی غەززە دەگرێتە دەست، بەڵام ئەم هەنگاوەی بە مەرجی کۆتاییهاتنی داگیرکاریی ئیسرائیلەوە گرێ دا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس)، حەییە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکەکانی حەماس "پەیوەستن بە بوونی داگیرکاری و دەستدرێژییەوە، بۆیە لە ئەگەری کۆتاییهاتنی داگیرکاری، ئەوا ئەو چەکانە دەگوازرێنەوە بۆ دەوڵەت".
سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکە، حەییە ڕایگەیاند: "پرسی چەک هێشتا لەگەڵ لایەنەکان و نێوەندگیران لەژێر گفتوگۆدایە و ڕێککەوتنەکەش هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە".
هەروەها سەبارەت بە چاودێریکردنی دۆخەکە، بەرپرسەکەی حەماس گوتی: "ئێمە قبووڵی دەکەین هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی ئاشتیپارێز ئەرکەکانی چاودێریکردنی سنوورەکان و سەرپەرشتیکردنی ئاگربەست لە غەززە بگرنە ئەستۆ".
لەوبارەیەوە نووسینگەکەی ڕوونکردنەوەی داوە مەبەستیان لە "دەوڵەت"، دامەزراندنی "دەوڵەتێکی فەڵەستینیی خاوەن سەروەرییە لە داهاتوودا".
