وەزیری دەرەوەی لوبنان: حزبوڵڵا بەبێ بڕیاری ئێران چەکەکانی دانانێت

یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئەمنیی و سیاسیی لوبنان و ڕۆڵی حزبوڵڵای خستەڕوو. جەختی کردەوە پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵا تەنیا داواکارییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو داواکارییەکی نێودەوڵەتیشە و ئەم پەیامەشی بە شاندی ئەنجوومەنی ئاسایش گەیاندووە.

ڕەجی ڕوونیکردەوە، حزبوڵڵا بەبێ بڕیار و ڕەزامەندیی ئێران ناتوانێت دەستبەرداری چەکەکانی ببێت. ئاماژەی بەوەش دا لەپێشینەی (ئەولەویەتی) ئێستای حزبەکە "کڕینی کات" و پاراستنی بوونی ناوخۆییەتی، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و ڕێکخراوەییەوە خۆی بونیات بنێتەوە و هەژموونی خۆی بچەسپێنێت. وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکانیدا لە ناوچەکە، بە ڕاشکاوی ئەم بابەتانەی لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتوێ کردووە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی هێورکردنەوە، ڕەجی دانانی "سیمۆن کەرەم" (باڵیۆزی پێشوو) وەک کەسایەتییەکی مەدەنی لە "میکانیزمی چاودێری"دا بە هەنگاوی یەکەم وەسف کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هیوای خواست ئەمە ڕێگر بێت لە بەردەم هەڵمەتێکی سەربازیی بەرفراوانی ئیسرائیل.

ئەوەشی خستەڕوو فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئیسرائیل گرنگن تا قەناعەت بە تەلئەڤیڤ بکەن کە ئەو دەستکارییەی لوبنان لە پێکهاتەی میکانیزمەکەدا کردوویەتی، بۆ ئێستا بەسە. هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە و ئاماژەکانی دۆخەکە بە "تێکەڵ" وەسف دەکرێن.

وەزیری دەرەوەی لوبنان جەختی کردەوە، وڵاتەکەی دوورە لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئەرکی سیمۆن کەرەم تەنیا سنووردار دەبێت بە: ڕاگرتنی شەڕ، کشانەوە لە خاڵە ماوەکان و ڕادەستکردنەوەی دیلەکان.

ڕەجی دووپاتی کردەوە تاکە چارەسەر "دیپلۆماسییە" و سەرکەوتنی هەر هەوڵێکیش پەیوەستە بە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و قەتیسکردنی چەک لە دامەزراوە فەرمییەکاندا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل