بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەولێر: ئامارەکانی توندوتیژی ڕوویان لە دابەزینە
ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2025)، عەقید سەفین زاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئامانجمان لەم پانێڵەدا دانانی پلانێکی تۆکمەترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییانەی لەناو خێزاندا ڕوو دەدەن، بەتایبەت ئەو توندوتیژییانەی دژ بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێن."
سەبارەت بە ئامارەکان، عەقید سەفین ئاشکرای کرد، بە بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو، لە ساڵی 2025دا ئاماری توندوتیژییە تۆمارکراوەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو شوێنانەی نووسینگەی ئێمەی لێیە، ڕووی لە دابەزین کردووە. هاوکات ژمارەی سکاڵاکان کەمی کردووە و لە بەرانبەردا ئاماری ئاشتەوایی و گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ لای یەکتر زیادی کردووە، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، تەرکیزی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، لەسەر "توندوتیژیی ئەلیکترۆنی" بووە. هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەکانی دیکەی جیهان بێبەش نییە لەو توندوتیژییە ئەلیکترۆنییانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر پلانێکی باشمان داناوە بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی هۆشیار بکەینەوە. ساڵانە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینی هەیە، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان، زۆرترین هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن ئەنجام دراوە."
