لیستی مووچەی مانگی 11 ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا
لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11) ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا؛ بەڵام تا ئێستا مووچەکە خەرج نەکراوە.
کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران.
