پێکەوە ژیانی پێکهاتە ئاینییەکان لە کۆیە

دەیان ساڵە لە گەڕەکی دیانان لە کۆیە، دیواری مزگەوت و کڵێسای کریستیانەکان پێکەوەیە، موسوڵمان و کریستیانەکان بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکتر دەکەن، تەنانەت مەزار و شوێنی ئاینی پیرۆز هەیە کە موسوڵمان و کریستیانەکانی کۆیە بە پیرۆزی دەزانن و هەردوولا سەردانی دەکەن.

نێوان مزگەوتی گەرمک و کەنیسەی ماریوسف لە کۆیە، تەنها دیوارێکە، پێکەوەژیانی ئایینی لەو شارە ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی هەیە، وەک چۆن مزگەوت و کەنیسەکە لەتەنیشت یەکتر دروستکراون و پشتیان پێکەوەیە، پێکەوەژیان و پشتی خەڵەکەکەش بە بێ جیاوازی بیروباوەڕی ئایینی ماوەی سەدان ساڵە بە هەمان شێوەیە.

ئەوەی لە بارەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانەوە لە کۆیە دەبینرێت، لەوانەیە لە کەم شوێنی سەر گۆی زەوی ببینرێت، چونکە ئەم سیمای پێکەوە ژیانە لە کۆیە، تەنها ڕۆتینی ڕۆژانە نییە، بەڵکو موسوڵمان و کریستیانەکان لە خۆشی و ناخۆشی یەکتردا بەشداری دەکەن و لە بۆنەو پرسە پیرۆز و ئایینەیەکانیشدا بێ جیاوازی لە پشت یەکتر دەوەستن و درووشمی پێکەوەژیان دەدروشێننەوە. 

عەلی حەسەن، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری کۆیەیە، تایبەت بۆ کوردستان24، دەڵێت:"کریستیانەکانی شاری کۆیە خەڵکێکی زۆر باش و بێ زیانن، ئێمە ساڵانێکە پێکەوە دەژین، هاوتووچۆی خێزانیمان هەیە و لە پرسە و بۆنەکاندا یەکتر بەسەر دەکەینەوە، تەنانەت کاری بازرگانیش بەیەکەوە دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە". 

پشتیوان کاکل، لە دایک بووی شارەکەیە و دەڵێت:" لە کۆنەوە ئێمە لەگەڵ خوشک و برا کریستیانەکانمان تێکەڵاویمان هەیە، باوک و باپیرانمان ئەو تێکەڵاوی و پێکەوەژیانەیان دروست کردووە، ئێمە تەواو ئاوێتەی یەکتر بووین، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئێمە و ئەوان نییە جگە لە بیروباوەڕە ئاینییەکەمان، کریستیانەکانیش وەکو ئێمە لە پیناوی ئەم وڵاتە خەباتیان کردوە و شەهید و ئەنفالیان هەیە، بۆیە جارێکی دیکە دەڵێم، ئـێمە و ئەوان جگە لە ئایین هیچ جیاوازییەکمان نییە".

دانیشتووانی کۆیە شانازی بەوە دەکەن، کە لە ساڵی 18ـی کۆچییەوە ڕوداوێک یان کێشەیەک لەنێوان موسوڵمان و کریستیانەکانی ئەو شارە ڕووینەداوە کە بوبێتە مایەی دووبەرەکی و تێکدانی پێکەوەژیانیان لەگەڵ یەکتر.

 دیدار تۆفیق، هاووڵاتییەکی شاری کۆیەیە بە کوردستان24ـی، گوت:"من موسوڵمان، لە یادی لە دایک بوونی محەممەد پێغەمبەر( دروودی خوای لەسەر بێت ) من هیچ شتێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکردەوە، بەڵام کریستییانەکانی هاوڕێم پیرۆزبایی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە ئاڕاستەی ئێمەی موسوڵمان دەکرد، تەنانەت بەو بۆنەیەوە شیرینی و نوقوڵیان دەبەخشیەوە.

موسوڵمان و کریستیانەکانی کۆیە جگە لە پەیوەندی و تەبایی و خۆشی و ناخۆشی هاوبەش، مەزار و شوێنی ئایینی هاوبەشیشیان هەیە کە هەردوولا بە پیرۆزی دەزانن، لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە مەزارێک هەیە، مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە، کریستیانەکان بە مەربێنە قەدیش و موسوڵمانەکان بەشێخ محەمەدی دێرێ ناوی دەهێنن و هەردوولاش سەردانی دەکەن.  

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل