مەزڵووم عەبدی: هێشتا مەترسیی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی نەهاتووە
لە کاتێکدا سووریا بە قۆناغێکی هەستیار و یەکلاکەرەوەدا تێدەپەڕێت، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەخت لەسەر هەمان ئەو دیدگا و تێڕوانینە دەکاتەوە کە پێشتر سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پێویستیی پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزی بۆ ئیدارەدانی وڵات خستبوویانە ڕوو.
عەبدی لە میانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ماڵپەڕی(The Jerusalem Poest) تیشکی خستە سەر وەرچەرخانە نوێیەکانی پەیوەندی نێوان سووریا و ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی ڕیشەییدایە.
مەترسیی بەردەوامی داعش و دۆسیەی زیندانییەکان
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداریدا لەوەی، سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێشتا مەترسیی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی نەهاتووە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ئێستا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ناوەندی دەستبەسەرکردنن و خێزان و شانە نووستووەکانی داعش هێشتا لە ناوچەکەدا چالاکن، بە جۆرێک هێشتا لە ڕەققە و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە، ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبنە قوربانیی هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوە.
بەپێی ئامارەکانی عەبدی، ئێستا زیاتر لە 26 ناوەندی دەستبەسەرکردن و سێ زیندانی سەرەکی لەژێر دەستیاندایە کە نزیکەی 10,000 چەکداری داعشیان تێدا زیندانی کراوە، زیندانە سەرەکییەکان دەکەونە حەسەکە کە هەریەکەیان 3,000 بۆ 4,000 زیندانی لەخۆدەگرن، جگە لە زیندانەکانی دیکە لە ڕەققە بە 1,500 زیندانی و قامیشلۆ بە 1,000 زیندانییەوە، کە هەموویان بە چەکداری مەترسیدار دادەنرێن.
پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیدارەی ترەمپ
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمەریکا، عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ئەمەریکا و فەرماندەیی ناوەندی (CENTCOM) بە تایبەت ئەدمیراڵ براد کوپەر، پاڵپشتییەکی باشیان هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، سوپای ئەمەریکا پێویستی بە پشتیوانیی سیاسیی زیاترە لە کۆنگرێسەوە، لەم ڕووەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر سەرۆک ترەمپ بیەوێت شکۆ بۆ سووریا بگەڕێنێتەوە، پێویستە پاڵپشتی هەسەدە بکات و دەبێت ئەم هێزە بەشێک بێت لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکوومەتی نوێی سووریا، چونکە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزییەت لە دەسەڵاتدا زۆر پێویستن.
ڕێککەوتنی 10ـی مارس و یەکگرتنەوەی سوپا
مەزڵووم عەبدی وردەکاریی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ناسراو بە (ڕێککەوتنی 10ـی مارس)ـی ئاشکرا کرد کە لەنێوان حکوومەتی کاتی سووریا و هەسەدەدا کراوە بۆ یەکخستنی پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاگربەستی گشتگیر.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆبوونەوە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئەنجام دراوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی تێکەڵبوون بە وەزارەتی بەرگری و سوپای نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆی سووریا.
عەبدی ڕوونیکردەوە، هێزەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ژمارەیان دەگاتە 100,000 کەس، کە پێکهاتوون لە 70,000 شەڕڤان و 30,000 پۆلیس و ئاسایش، کە بەرپرسی یەکەمن لە پاراستنی ناوچەکانی خۆیان.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەسەدە سێ (فیرقە) و دوو بەتالیۆنی تایبەت دەهێڵێتەوە، یەکێکیان بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئەوەی دیکە بەتالیۆنی ژنان دەبێت و هەموویان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری،
عەبدی دڵخۆشی خۆی نیشاندا کە ئەمەریکا لە گرنگیی پاراستنی تایبەتمەندی و یەکپارچەیی هێزەکانیان لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیدا تێگەیشتووە.
نیگەرانییەکان لە ئەحمەد شەرع
فەرماندەکەی هەسەدە ڕەخنەی لە نەبوونی مەرج لەسەر پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەحمەد شەرع گرت و داوای کرد، گفتوگۆی فراوانتر لەسەر سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بکرێت، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان ئەزموونی پێشوویان لەگەڵ ناوبراو هەیە کاتێک سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شامی (HTS) دەکرد و سروشتی هێزەکانیان باش دەناسن، تەنانەت ئەو شوێنەی ئێستا گفتوگۆکەی تێدا دەکرێت 10 ساڵ لەمەوبەر لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە.
عەبدی باسی لە مەترسییەکان کرد و ئاماژەی بە کوژرانی 2,000 عەلەوی لە لازقییە و 1,000 درووز لە سوەیدا کرد، گوتیشی: لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا پەیامەکە ئەوە بووە کە دوای ئەوان نۆرەی کوردە.
کاریگەرییە هەرێمییەکان و داهاتووی سووریا
سەبارەت بە هەژموونی وڵاتانی دراوسێ، عەبدی سەبارەت بە تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2019ـەوە ڕێککەوتنێکی ئاشتی هەیە.
مەزڵووم عەبدی ساڵی 2026ـی بە ساڵێکی یەکلاکەرەوە وەسف کرد و سەرکەوتنی ئەحمەد شەرعی بەستەوە بە ئەقڵانیبوونی و وەڵامدانەوەی بۆ خواستی گەلی سووریا.
جەختیشی کردەوە، هەسەدە بەهۆی فرەیی پێکهاتەکانییەوە (کورد، عەرەبی عەلمانی، مەسیحی) کێشەی ناوخۆیی و تایفەگەریی کەمتری هەیە و پێکهاتەکانی وەک عەلەوی و درووزیش پشتیوانییان لێ دەکەن.
داواشی لە ئەمەریکا کرد ڕۆڵێکی هاوسەنگتر ببینێت و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ئەحمەد شەرع ببینن نەک تەنیا بەڵێن، چونکە بە گوتەی ئەو، هیچ جێگرەوەیەک بۆ هەسەدە لە ئارادا نییە.
