مۆڵەتەکەی ئەمەریکا بۆ چەکدانانی حزبوڵڵا، ئەم مانگە کۆتایی دێت
کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتی ئەمەریکا بۆ دانانی چەک لە لایەن حزبوڵڵا کۆتایی دێت و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: پرسی دانانی چەک لەلایەن حزبوڵڵا پرسێکی ناوخۆییە و دەبێت لوبنیانییەکان و ئەو حزبە بڕیاری لە بارەوە بدەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی هەفتانەیدا ڕەتی کردەوە، ئێران دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان بکات و ڕایگەیاند، حزبوڵڵا بەشێکی گرنگ و کاریگەری کۆمەڵگەی لوبنانییە و بەشێوەیەکی سەربەخۆش بڕیار دەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان و لە نێویاندا پرسی ستراتیژییەتی بەرگری، دەبێت لە نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت.
سەبارەت بە دانانی چەک لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانییەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، چەکی بەرەی مقاوەمە پرسێکی ناوخۆییە و دەبێت لوبنانییەکان و حزبوڵڵا بڕیاری لە بارەوە بدەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنوت لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ حکوومەتی لوبنان، کە داوای چەکدانانی حزبوڵڵا دەکات، لە 31ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت.
هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە حکوومەتی لوبنانیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر حزبوڵڵا چەک دانەنێت، ئەوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەو وڵاتە زیاتر دەکەن.
تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا و لوبنان لە 19ـی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشنیازێکی پێشکەشی بەرپرسانی لوبنان کرد، کە تێیدا داوای لە حزبوڵڵای لوبنان کرد لە ماوەی چوار مانگدا چەکەکانیان دابنێن، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی ڕادەگرێت و سەربازەکانی لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەکشێنێتەوە.
