ساڵی نوێ دەروازە جوانەکەی هەولێر دەکرێتەوە
شۆڕشی ڕێگەوبان شادەماری هاتوچۆی کوردستان نوێ دەکاتەوە
لەگەڵ بەردەوامیی کارکردن لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا، دەروازە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر کە سێ ڕێگەی سەرەکیی پایتەخت، کۆیە و گۆمەسپان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و بە سیمایەکی شارستانییانەی نوێوە پێشوازی لە گەشتیاران و شۆفێران بکات.
وردەکاریی پڕۆژەکە و قۆناغەکانی کۆتایی
تیمە ئەندازیارییەکان ئێستا بە چڕی کار لەو خاڵەدا دەکەن هەرسێ ڕێگەکە بەیەک دەگەیەنێت، بەهۆی بوونی پردێک و ئەندەرپاسێکی سووڕانەوە لە دیزاینەکەدا، پڕۆژەکە پێویستی بە کاتی تەکنیکی هەبووە و قۆناغی زۆری بڕیوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەم نزیکانەدا ئاڕاستەی هاتوچۆ دەگوازرێتەوە بۆ ئەو سایدەی تەواو بووە، تاوەکو کارکردن لە سایدەکەی دیکەدا خێراتر بکرێت.
بەشێکی زۆری پردەکە تەواو بووە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا پڕۆژەکە لەو ناوچەیە بە یەکجاری دەکرێتەوە.
شۆڕشی ڕێگەوبان و دیدگای حکوومەت
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لەو هەڵمەتە فراوانەی کە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدووسایدکردنی ڕێگەکان و بەیەکەوەبەستنی شارەکانی کوردستان بە باشترین ستاندارد دەستی پێ کردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا زۆرینەی ئەو پڕۆژانە بگەنە قۆناغی کۆتایی.
گرنگیی ستراتیژیی ڕێگەی هەولێر-کۆیە
ڕێگەی هەولێر-کۆیە بە شادەماری تۆڕی ڕێگەوبانی کوردستان دادەنرێت، چونکە پایتەخت دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها خاڵی بەیەکگەیشتنە بەرەو پارێزگای دهۆکیش.
ئەم پڕۆژەیە بە بڕیاری سەرۆک وەزیران و بە گوژمەی 560 ملیار و 446 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ڕێژەی ئەنجامدانی کارەکانی گەیشتووەتە نزیکەی 35% و بە تەواوبوونی، ئاسانکارییەکی گەورە لە هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاریدا دروست دەکات.
