ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەنگاوەکانی حکومەتی سووریا نیگەرانە
ساڵێک بەسەر کۆتاییهێنان بە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا تێدەپەڕێت و ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیش جەخت دەکاتەوە، حکومەتی ئێستای سووریا نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات و بە هەمان عەقڵییەتی مەرکەزی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە کار دەکات.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیێندراوێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕایگەیاند، لەکاتێکدا ساڵێک بەسەر کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ستەمکاری تێدەپەرێت، پێویست بوو سووریا بە ڕێگەیەکی ڕوونی نیشتمانی بەرەو بوونیادنانەوەی وڵات لەسەر بنەمای دیموکراسییەتێکی نوێ بڕوات، بەڵام حکوومەتی کاتی سەرەڕای ئەوەی ساڵێکە دەسەڵاتی بەسەر پایتەختی ئەو وڵاتەدا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بیری تەسکی مەرجەعیەت لە بەڕێوەبردنی وڵات تێبپەڕێنێت، هەروەها نەتوانیوە بەرەوعەقلییەتی دەوڵەتێکی نیشتمانی گشتگیر هەنگاو بنێت و گفتوگۆیەکی نیشتمانی گشتگیر دەستپێبکات.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی کاتی ئێستای سووریا لە بەڕێوەبردنی پرسەکان بەو عەقڵیەتە مەرکەزییە بەردەوامە، کە حکوومەتی پێشوو لەسەر دەڕۆیشت و بووە هۆکار بۆ کۆتاییهاتنی .
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، سەڕەڕای بوونی ڕێککەوتنی 10ی نیسان لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی کاتی سووریا، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ململانێی ناوخۆیی، بەڵام هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە و بە پێچەوانەوە کێشەکان لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا و سوەیدا توانای حکوومەتی کاتی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکان دەرخست.
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا، دواتر ئەسەد و خێزانەکەی بۆ مۆسکۆ هەڵاتن و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێن.
