ئەحمەد شەرع: پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا نایابە و لەگەڵ عێراق ئاساییە
سەرۆکی کاتی حکوومەتی سووریا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بە نموونەیی ناو دەبات و دەشڵێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و میسر ئاساییە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی و پیاو ماقولانی دانیشتووی دیمەشق گوتی: سووریا کار لەسەر بوونی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان دەکات، کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا ئەستەم بووە ئەو پەیوەندییە هەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سووریا و وڵاتانی زلهێزی جیهانی، شەرع گوتی؛ لە یەک کاتدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمەریکا، چین و ڕووسیا هەیە، هەمووانیش لەو پەیوەندییە ڕازین و کارەکانیش بە باشی بەڕێوەدەچن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی سووریا و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، سەرۆکی کاتی سووریا ئاماژەی بەوەدا" پەیوەندییەکی نموونەییمان لەگەڵ تورکیا، سعوودیە، قەتەر و ئیمارات هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و میسر، پەیوەندییەکی ئاساییە و ئومێدەوارین بەرەوپێشچوونی زیاتر لە پەیوەندییەکانمان بەدی بێن.
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا تاڕادەیەک ئاساییبوونەتەوە و لە ساڵی ڕابردووشدا، شاندی هەردوولا سەردانی یەکتریان کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ شەرح کۆبووەوە.
هەروەها ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی کاتی حکوومەتی سووریا لەلای هەندێک لە هێزە شیعەکانی عێراق، کەسایەتییەکی قەبووڵنەکراوە، هەر ئەمەش هۆکار بووە لە کاتی میوانداریکردنی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، دژی هاتن و پێشوازیکردنی بوون، هەر ئەمەش وایکرد ئەحمەد شەرع، وەزیری دەرەوە بنێرێت و بەشداری لە لووتکەکەدا بکات.
