سروە ڕەسووڵ: حکوومەتی هەرێم پلانی تەواوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو هەیە

سروە ڕەسوڵ
سروە ڕەسوڵ

بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە کاتی گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکاندا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی فراوانەوە کە 17 وەزارەت و دەستە تێیدا بەشدارن، ئامادەکاریی تەواوی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان ڕاگەیاند، پلانەکە گشتگیرە و لە دابینکردنی شوێنی مانەوەوە تا دابەشکردنی خۆراکی گەرم لەخۆ دەگرێت.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، وردەکاریی ئەو پلانە پێشوەختەیەی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نائاسایی بەهۆی بارانبارینی بەهێزەوە داڕێژراوە. 

بەگوێرەی پلانەکەی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕایگەیاند: هەماهەنگییەکی ورد لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا هەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی وەڵامی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بدەنەوە.

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا بۆ دۆخی فریاگوزاری و ئەگەری ڕوودانی لافاو، ڕێککەوتن و ئامادەکاری لەگەڵ هۆتێل و مۆتێلەکان کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و لە حاڵەتی دروستبوونی مەترسی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، دەرگاکانیان بە ڕووی هاووڵاتییاندا بکەنەوە و وەک پەناگەی کاتی بەکاربهێنرێن.

هاوکات لە ڕووی ئاسایشی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە، سروە ڕەسوڵ دڵنیایی دا، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، کۆگاکان پڕن لە خۆراکی پێویست و ئامادەکراون بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو، هاوشان لەگەڵ هەوڵە حکومییەکان، دەزگا خێرخوازییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ دابینکردنی خواردنی گەرم و کەلوپەلی پێویست بۆ لێقەوماوان لە کاتی دروستبوونی لافاودا.

پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بوونە هۆی دروستبوونی شەپۆلی بارانبارینی بەهێز و لافاوی لەناکاو.

لە زستانەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، لافاو زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و سەدان ماڵ و ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت.

 ئەم ئەزموونە تاڵانە وایکردووە حکوومەتی هەرێم ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان لە وەڵامدانەوەی دوای ڕووداوەوە بگۆڕێت بۆ ئامادەکاریی پێشوەختە، بە جۆرێک کە پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، خاوێنکردنەوەی ڕێرەوەکانی ئاو، ئامادەکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و کۆگاکردنی پێداویستییەکان دەست پێ دەکات.

شارەزایانی کەشناسی هۆشداری دەدەن، بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوییەوە، ئەگەری دووبارەبوونەوەی بارانی بەخوڕ و کتوپڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم لە ئارادایە، ئەمەش وایکردووە پلانی ئەمساڵی وەزارەتی ناوخۆ فراوانتر و هەمەلایەنەتر بێت بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل